نەوەی نوێ بەڕەسمی داوا لە حکومەت دەکا رێگەیان بدەن تونێلی دەربەندیخان نۆژەن بكەنەوە
  2022-09-23       90       

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دو نوسراوی رەسمیدا داوا لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و قائیمقامی دەربەندیخان دەكات رێگەیانبدەن و ئاسانکاری بکەن تاوەکو جوڵانەوەكەیان لە ماوەی مانگێکدا تونێلی دەربەندیخان نۆژەنبکەنەوە.

ئاوێنە: نوسراوی یەكەمیان لەلایەن فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، دوێنێ ئاڕاستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كراوەو تێیدا هاتوە"داوا لە بەڕێزتان دەكەین رەزامەندی بفەرمون بە رێگەپێدان بۆ جێبەجێكردنی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ."

نوسراوی دوەمیش لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە هەر دوێنێ ئاڕاستەی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان كراوەو تێیدا هاتوە"داواكارین ئاسانكاری بكەن تا وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ، تونێلی دەربەندیخان نۆژەن بكەینەوەو بۆ ئەو مەبەستە رێگای بەدیل بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دیاری بكرێت."

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پۆستێکی فەیسبوکدا تەحەدای حکومەتی کرد کە لە ماوەی یەک مانگدا تونێلی دەربەندیخان بەشێوەیەکی سەردەمیانە نوێ دەکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×