سەرۆكی حزبێكی كوردی ڕۆژهەڵات لە كرماشان دەستگیركرا
  2022-09-23       648       

بەرەی یەكگرتووی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، سیاوەش حەیاتی سەرۆكی بەرەكەیان تاكە لایەنی سیاسی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی بەشداربوون لەناڕەزایێتییەكان لە كرماشان دەستگیركرا و لە ئێستادا چارەنووسی نادیارە.

ئاوێنه‌: بەرەی یەكگرتووی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هاتنە ئارای ڕەوتێكی نوێ لە ژیان و تێكۆشان و چەسپاندنی فۆرمێكی جیاواز لە هەبوون و پێناسە و هێژمۆنیك‌كردنی وتارێكی خۆڕاگرانە و دادپەروەرانە و سەروەری‌خوازانە لە كات و شوێنی ئێستای كوردستان و ئێراندا پێویستی بە خوێندنەوەیێكی قووڵ و فرەڕەهەندی سەردەمیانەیە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە ئەوان وەك ڕێكخراوەیەكی سیاسی هەوڵیان دا ئەركی خۆمان بە شێوازێكی مەدەنییانە بە پاڵپشتیی خەڵكی خۆمان بە باشترین شێواز وەك بەشێك لە بزووتنەوەی كورد بەجێ بێنین، بەڵام بەداخەوە لەنێو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی كرماشان سیاوەش حەیاتی، سەرۆكی بەرەی یەكگرتووی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركرا و چارەنوسی نادیارە.

ڕاگەیەندراوی بەرەی یەكگرتووی كورد
بەرەی یەكگرتووی كورد بەبۆنەی دەسبەسەركردنی “” ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە بەم چەشنەیە:
– نەتەوەی خۆڕاگری كورد
– هاونیشتمانیانی مافویست و ئازادیخواز
– كۆمەڵگای مەدەنیی بەهەڵوێست
– ئازادیخوازانی ئێران
– ئەندامان و لایەنگرانی بەرەی یەكگرتووی كورد
هاتنە ئارای ڕەوتێكی نوێ لە ژیان و تێكۆشان و چەسپاندنی فۆرمێكی جیاواز لە هەبوون و پێناسە و هێژمۆنیك‌كردنی گوتارێكی خۆڕاگرانە و دادپەروەرانە و سەروەری‌خوازانە لە كات و شوێنی ئێستای كوردستان و ئێراندا پێویستی بە خوێندنەوەیێكی قووڵ و فرەڕەهەندی سەردەمیانە و هەنگاوەكانی هێژمۆنی دەسەڵاتی زاڵە، كە ئێمەش وەك ڕێكخراوەیەكی سیاسی هەوڵمان دا ئەركی خۆمان بە شێوازێكی مەدەنییانە بە پاڵپشتیی خەڵكی خۆمان بە باشترین شێواز وەك بەشێك لە بزووتنەوەی كورد بەجێ بێنین.
هاوڕێیانی خۆشەویست بەداخەوە وەك ئاگادارن لەم چەن ڕۆژەدا سەدان ڕۆڵەی گەنج، كەسایەتی و كەسانی خۆشناوی گەلە وەزاڵەهاتووەكەمان بەبیانووی ئیدانەكردنی كوشتنی شەهید “ژینا_ئەمینی” لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كراون، لە درێژەی ئەم كارەساتانەدا كە دەسەڵات ڕۆژانە دەیخۆلقێنێ، ڕۆژی هەینی ١ ڕەزبەری ١٤٠١ هەتاوی بەڕێز “سیاوەش_حەیاتی” دەبیری بەرەی یەكگرتووی كورد بە شێوەیێكی نایاسایی و ناڕەوا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەسبەسەر كران.
ئەمه له كاتێكدایە كە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نابراو ناڕوونە و بەرپرسانی ئەمنی خۆیان لەوە بواردووە لەسەر دۆخ و تۆمەتە وەپاڵدراوەكانی ناوبراو بەرچاوڕوونی بدەنە خەڵك و ئێمە و بنەماڵەی بەڕێزیان، بۆیە ئێمه وەك بەرەی یەكگرتووی كورد بە ئەركی خۆمان ئەزانین ئیدانەی دەسبەسەركردن و ڕاگرتنی نایاسایی بكەین و داواكارین ئێوە هاونیشتمانیانی ئازیزیش هاوڕێ و هاوكارمان بن.
بەرەی یەكگرتووی كورد وێڕای شەرمەزاركردنەوەی بەدیلگرتنی ناڕەوای ئاغای حەیاتی بەڵێن دەدات هەتاكوو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێڕنەكانی نەتەوەی كورد لە تێكۆشان نەوەستێت.
بەرەی یەكگرتووی كورد
١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×