ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئێران بەرزبوەوەو شەوی رابردوش بەشێك لە شاری شنۆ كەوتە دەست هاوڵاتیان
  2022-09-24       823       

خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایەتی دژبە مەرگی ژینا ئەمینی، لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامن و زانیارییەكان باس لەوە دەكەن شەوی رابردو بەشێكی زۆری شاری شنۆ كەوتۆتە دەست خۆپیشاندەران. بەپێی قسەی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران تا شەوی پێنجشەممە، 50 خۆپیشاندەر لە ئێران كوژراون و هەڵمەتی دەستگیركردنی خەڵكانی ناڕازی و چالاكوانانیش بەرفراوان بوە.

ئاوێنە: شەوی رابردو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە تارانی پایتەختەوە بۆ شەوی حەوتەمی لەسەریەك بەردەوام بون.

هەرچەندە تەلەفۆزیۆنی ئێران بڵاویكردۆتەوە كە بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان تا ئێستا 35 كەس لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان زۆر لەوە زیاترە كە بەرپرسانی ئێران ئاماژەی پێ دەكەن.

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، دوێنێ هەینی بڵاویكردەوە كە تاوەكو شەوی پێنجشەممە، لانیكەم 50 خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە ئەمنییەكان لە سەرتاسەری ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە كوژراون و ژمارەیەكی زۆریش لە چالاكوانان و خەڵكانی ناڕازی دەستگیركراون.

ئەو رێكخراوە وتویەتی، سنورداركردن و بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران وایكردوە، نەتوانرێت بەخێرایی زانیارییەكان پشتڕاستبكرێنەوە.

هاوكات شەوی رابردو لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بەردەوامیان هەبوەو بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، درەنگانی شەوی رابردو بەشێكی زۆری شاری شنۆ كەوتۆتە دەست خۆپیشاندەرانی ناڕازی.

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا بۆ حەوتەم شەوی لەسەریەك، زمان و ئاوازی قسەكردنی بەرپرسانی حكومەتی ئێران توندتر بوە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، لەدوای گەڕانەوەی لە نیویۆرك، رایگەیاند"دوژمنان دەیانەوێت بە سواربونی شەپۆلەكە، پشێوی و تێكدان دروستبكەن."

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش رایگەیاند"ئەگەر دوژمنان پێیانوایە بەم پشێویانە دەتوانن رژێمی ئێران بڕوخێنن، ئەوە بیركردنەوەیەكی منداڵانەیان هەیە."

وشەی "دوژمن"، یەكێكە لەو وشانەی كە بەرپرسانی باڵای ئێران بەدرێژایی 40 ساڵی فەرمانڕەوایی كۆماری ئیسلامی، زۆرترین جار بەكاریان هێناوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دژ بە فەرمانڕەواییەكەیان بدەنە پاڵی و هەروەها وشەی "تێكدەر"یش بەزۆری بۆ خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن.

وەزیری ناوخۆی ئێران لە درێژەی لێدوانێكیدا، دوێنێ رایگەیاند، "تێكدەران" دەناسرێنەوەو روبەڕویان دەبینەوە.

هەروەها لەبارەی بڕینی ئینتەرنێت، وەزیری ناوخۆی ئێرانی رایگەیاند"سنورداركردنی ئینتەرنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و كۆنتترۆڵكردنی تێكدەرانە."

وێڕای ئەو هەڕەشانەو سنورداركردنی ئینتەرنێت، ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، نیشانی دەدەن كە شەوی رابردو، هاوڵاتیانی شارو شارۆچكەكانی ئێران بەشێوەیەكی بەرفراوانتر هاتونەتە سەر شەقامەكان و تۆڕی بی بی سی نوسیویەتی، بەپێی زانیارییەكان لە شاری شنۆ سەربە پارێزگای ورمێوە، شەوی رابردو بەشێكی زۆری شارەكە كەوتۆتە دەست هاوڵاتیانی ناڕازی.

دیمەنی شەوی رابردوی شاری شنۆ:

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×