په‌رله‌مانتارێك: داواكاری گشتی دژی‌ بڕیارێكی‌ وه‌زیری‌ دارایی دەهێنینە سەرخەت
  2022-09-24       808       
ئاوات شێخ جه‌ناب، شنۆ ئەشقی


ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارێكی وەزیری دارایی هەرێم كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ سەدان خێزان دروستدەكات‌و ئەگەر ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێنێتەوە داوكاریی گشتی دەهێننە سەرخەت.

ئاوێنه‌: شنۆ ئەشقی، ئەندامی لیژنەی دەسپاكی لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، “هەفتەی ڕابردو وەزیری دارایی لەبڕیارێكی كەسی‌و میزاجی كە گشتاندنی كردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی ناوبراو كە نابێت فەرمانبەر لەگەڵ كەسی پلە یەكی خۆی لەیەك فەرمانگە بن‌و بە پێی ئەم نوسراوەی وەزارەت بێت ئەگەر (دو برا، هاوسەر، خوشك‌و برا …هتد) لەهەمان فەرمانگە بن دەبێت یەكێكیان داوای گواستنەوە بكات تەنانەت ئەگەر لەو بەشانەش بن كە پەیوەندی بەكاروباری داراییەوە نییە”.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووه‌، “ئەم بڕیارە جگە لەوەی كە هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە، هیچ سودێكی كارگێڕی و دارایی بەوەزارەت نابەخشێت‌و بووەتە هۆی دروستبونی كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ سەدان خێزان كە لە وەزارەتەكە فەرمانبەرن."

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووه‌، “ئەگەر وەزیری دارایی ئەم بڕیاڕە لەزوترینكاتدا هەڵنەوەشێنێتەوە لەپێناو مافی ئەو فەرمانبەرانە داواكاریی گشتی دەهێنینە سەرخەت”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×