لەسەر بۆردومانەکانی دوێنێی هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک لەلایەن سوپای ئێرانەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەمەد کازم ئال سادقی باڵیۆزی ئێرانی بانگ کرد و یاداشتێکی توندی عێراقی پێدا.
ئاوێنه: لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لەسەر بۆردومانەکانی دوێنێی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ئیحسان ئەلعەوادیی سەرۆکی فەرمانگەی وڵاتە دراوسێکان، یاداشتێکی توندی دا بە باڵیۆزی ئێران و تیایدا "سەرکۆنەی ئەو تاوانەی کرد، کە نمونەی بەردەوامیی ئەو دەستدرێژیانەی ئێرانە بۆ سەر سەروەریی عێراق".
جێگای ئاماژەیە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەموو ئەو جۆرە کارانەی بە توندی رەتکردەوە و داوای کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.
جێگای ئاماژەیە لە بۆردمانەکەی دوێنێی سوپای ئێراندا، 14 کوژراو و 58 برینداری لێ کەوتەوە.