دوای وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفزیۆنی" لە یەكێكیان، سێ كچی 18 ساڵانی خەڵكی سنە ئازاددەكرێن
  2022-09-30       1297       
دیمەنێكی شەوانەی خۆپیشاندان لە سنە

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند، سێ كچی 18 ساڵانی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، دوای هەشت رۆژ دەستگیركردن و وەرگرتنی بەڵێننامە لێیان، دوێنێ پێنجشەممە ئازادكراون. دەشڵێت، یەكێكیان ناچاركراوە بە "دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفزیۆنی."

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوەكە، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، ئەو سێ كچە 18 ساڵانە ناویان "ئاتوسا حسێنی"، "هەدیە مەیهەمی" و "راحلە جەعفەری"یەو لە زیندان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ئەشكەنجە دراون و دوای وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفزیۆنی" لە راحلە، ئامادەبون ناوبراو ئازاد بكەن.

 سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەوادەی "راحلە جەعفەری" بە هەنگاوی وتوە"راحلە ناچاركراوە لەبەردەم كامێرادا دان بەو شتانەدا بنێت كە هێزە ئەمنییەكان بەسەریدا سەپاندویانە و ئێستا لە دۆخێكی دەرونی شێواودایە."

 بەپێی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو سێ كچە گەنجە رۆژی پێنجشەممە 22ی ئەم مانگە، لە شەقامی فیردەوسیی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەگەڵ لێدانیان دەستگیركراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×