كۆمەڵەی زەحمەتكێشان: دیسان ئێران بە درۆن هێرشی كردە سەر بارەگاكانمان
  2022-10-01       559       

فەرماندەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە چیای هەڵگورد رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، بۆ جارێكی تر سوپای پاسدارانی ئێران بە سێ درۆنی بۆمبهەڵگر هێرشیکردوەتە سەر بارەگانیان.

ئاوێنە: ئەمجەد حسێن پەناهی، فەرماندەی پێشمەرگەكانی كۆمەڵی زەحمەتكێشانی كوردستان لە چیای هەڵگورد، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتی"کۆماری ئیسلامی دیسان بە درۆن هێرشی کردە سەر بنکەو مەقەرەکانمان لە سەر سنور."

هەروەها ئەمجەد حسێن پەناهی، لەلێدوانێكدا بە روداوی وتوە"ئەمڕۆ سێ درۆن هاتنە سەر بارەگاکانمان و بۆردومانیان کردین؛ پێنج موشەک بەر بارەگاکانمان کەوتن. چەند موشەکێکیش لە دەوروبەی بارەگاکان کەوتنە خوارەوە."

 ئەمجەد حسێن پەناهی ئاماژەی بەوەشکرد کە زیانی گیانییان نییە و وتیشی"تاوەکو ئێستاش سوڕانەوەی درۆنەکان بەردەوامە."

فەرماندەی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەڵگورد رایگەیاند، جگە لە درۆنەکان، "بەردەوام" لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بارەگانیان لەسەر سنورەکان تۆپباران دەکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×