ئەمڕۆ لە 150 شاری سەرتاسەری جیهان خۆپیشان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەكرێت
  2022-10-01       664       
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە سیدنی بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ئێران

ئەمڕۆ شەممە، لە زیاتر لە 150 شاری سەرتاسەری جیهان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دەكرێت و لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە، لە چەند شارێكی وڵاتانی رۆژهەڵات لەوانە ئوسترالیا، نیوزلەندا، ژاپۆن و هەروەها  فەرەنساو ئەڵمانیا خۆپیشاندان دەستی پێكردو بڕیارە هەر ئەمڕۆش خۆپیشاندانەكان بگەنە ئەمریكا.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسە جیهانییەكان، لەو 150 شارەی كە بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان تێدا بكرێت بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نیوزلەنداوە خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكرد.

تاوەكو ئێستا لە چەند شارێكی ئوسترالیا لەوانە میلبۆرن، ئادلاید و هەروەها لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن و سیتۆلی پایتەختی كۆریای باشور بەڕێوەچوە.

هەر ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەخت و لە شاری رێنی فەرەنسا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ئێران بە دروشمی "مەرگ بۆ دیكتاتۆر" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەچوە.

هەروەها ئەمڕۆ لە شارەكانی هانۆڤەر، نۆرنبێرگ، دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیاش خۆپیشاندان دەستی پێكردوە.

بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە خەڵكێكی زۆر لەو خۆپیشاندانانەدا كە تا ئێستا بەڕێوەچون، ئامادەبون.

بڕیارە ئەو خۆپیشاندانانە ئەمڕۆ زیاتر لە 150 شاری جیهان بگرێتەوەو بگەنە ئەمریكاش.

بڕیارە سبەینێش لەسەر بانگهێشتی چالاكوانانی بزوتنەوەی ژنان، خۆپیشاندانی هاوشێوە لە چەندین شاری جیهان بەڕێوەبچن.

بەڕێوەچونی ئەو خۆپیشاندانە لە سەرتاسەری جیهان، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان لەناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئەمڕۆ شەممە، ناڕەزایەتییەكان پێ دەنێنە سێیەم هەفتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×