لەدوایین راپۆرتی بەدواداچونو چاودێری کە لە ٢٨ ئەم مانگە بەزمانی فەڕەنسی لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی نێونەتەوەیی پەیامنێرانی بێ سنور جارێکی تر داوای ئازادکردنی رۆژنامەنوس قارەمان شوکریو هاوڕێیە زیندانییەکانی دەکات.
ئاوێنه: پەیامی راپۆرتەکە جارێکی تر ئەوە دوپاتدەکاتەوە کە دۆسییەی زیندانیانی بادینان دۆسیەی ئازادی رۆژنامەگەری و بیروڕای جیاوازە، بۆیە دۆسیەیەکی لەبیرنەکراوو جددییە هەتا ئەو شوێنەی سەرجەم ئەو رۆژنامەنوس و دەنگە رەخنەگرانە ئازاد نەکرێن.
لهراپۆرتهكهدا هاتووه، "ئێمە داوا لەدەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دەسبەجێ رۆژنامەنوس قارەمان شوکری و هاوپیشەکانی ئازاد بکەن و، دەستیش لە هەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی رۆژنامەنووسان هەڵبگرن."
قارەمان شوکری یەکێکە لەدەستگیرکراوانی بادینان، ساڵی ڕابردو كهسوكارهكهی ڕایانگهیاند کە کوڕەکەیان لەلایەن دادگاوە بەبێ بونی پارێزەر بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەمەی خوارەوە ناوەرۆکی راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێ سنورە:
- ئێمە داوا لەدەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دەسبەجێ رۆژنامەنوس قارەمان شوکری و هاوپیشەکانی ئازاد بکەن و، دەستیش لە هەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی رۆژنامەنووسان هەڵبگرن.
- دایکی قارەن شوکری لە ١٨ ئەیلوول نامەیەکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم کردووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزای زیندانییە دەکات کە بەسەر کوڕەکەی سەپێندراوە. هێزەکانی ئاساییشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) ئەم رۆژنامەنووسە گەنجەی رۆژنیوز لە ماڵەکەی خۆی لە رۆژی ٢٧ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شارۆچکەی شیلادزێ دەستگیردەکەن. لەو کاتەوە قارەمان شوکری زیندانیکراوە لە زیندانی شاری دهۆک کە تێیدا سزای حەفت ساڵ زیندانیی بەسەردەبات بەبێ هەبوونی هیچ تۆمەتێکی فەرمی لە دژی.
- هاوکات، رۆژنامەنووسە سەربەخۆیەکانی دیش بەختیان باشتر نەبووە. سێ رۆژنامەنووسی تر لە پشت شیشەکانی زیندان ماونەتەوە لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی باکووری عێراق. شێروان شیروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستگیرکران و سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
- هەر سێ رۆژنامەنووسە زیندانییەکە، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم، چوونە ریزی بزوتنەوەی مانگرتن لە خواردن لە زیندانی هەولێر کە تێیدا زیندانیکراون. بزوتنەوەیەک کە لەلایەن زۆربەی" ٨٢ زیندانییەکەی بادینان" رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی ، هاووڵاتیانی کوردانەی دەسپێشخەری بۆ کرابوو کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستگیرکران لە سەروبەندی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی کە لە هەمان ناوچەی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی باکوور رێکخرابوو.
- دوای پەیوەندیکردنی رێکخراوی پەیامنێرای بێ سنوور لە سێپتێمبەری ٢٠٢١، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سزادانەکان "پەیوەندی بە چاڵاکییە رۆژنامەییەکانی تۆمەتبارەکان نییە". بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەیامنێرانی بێ سنوور، زیندانیکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە سزادانێکە لە بەرامبەر ئەو راپۆرت و بابەتە رۆژنامەییانەی کە لەسەر گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە.
- رۆژنامەنووسە زیندانییەکان هەروەها روماڵی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی شیلادزێیان کردبوو کە لە دژی هەبوونی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا، هاوپەیمانە بەهێزەکەی پارتی ( PDK ) ئەنجام درابوون.
- شێروان شێروانی، رۆژنامەنووسی سەربەخۆ، بەدواداچوونێکی کردبوو لەسەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون.
- بەر لە دوایین دەستگیرکردنی، پێشتر قارەمان شوکری دووجاری تر دەستگیرکرابوو. بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لەو رۆژنامەنووسە، دەسەڵاتداران داوایان لێکردبوو کە واز لە بەدواداچوون لە گیان لە دەستدانی باوکی، شوکری زینەدین، بهێنێت. ئەویش رۆژنامەنووس بوو لە کەناڵی KNN ، لە دیسێمبەری ٢٠١٦ کوژرا.
رۆژنامهنوس دیار عەزیز شەریف - ئهیهان سهعید
https://rsf.org/.../rsf-demande-aux-autorit%C3%A9s-du...