خۆپیشاندانه‌كانی ئێران كه هه‌ندێك به "راپه‌ڕینی ژنان" ناویان بردوه، بۆ نزیكه‌ی 100 زانكۆی چه‌ند شارێكی ئێران گواسترایه‌وه، لەو شوێنانە خوێندکاران بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندیان كرد و دواتر رژانە سەر شەقامەکان.
ئاوێنه: سەرچاوە ناوخۆییه‌كانی ئێران رایانگەیاند، دوێنێ له گۆڕەپانی ئێنگلێب، لە نزیک زانکۆی تاران، خۆپیشاندان رویداوه، هەروەها "پێكدادان له نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەران رویداوه كه دروشمیان دەوتەوە، ژمارەیەکیشیان ده‌ستگیركراون".
ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تیایدا خۆپیشاندەرانی زانکۆی خەواریزم لە کەرەج لە ڕۆژئاوای تاران، هاواریان کردوە، "شارەکە لە خوێندا دەخنکێت، بەڵام مامۆستاکانمان بێدەنگن".
دەیان گرتە ڤیدیۆیی و وێنە لە سۆشیال میدیا بڵاوبونەتەوە، گردبونەوەکان لە زانکۆ جیاجیاکان، لەوانە مەشهەد، تاران، کەرەج، زانکۆی ئەلزەهرا كه ژنان خۆپیشاندانیان تیادا كردوه، ئەم خۆپیشاندانانە به‌هۆی كوژرانی ژینا ئه‌مینیییه‌وه ده‌ستیپێكرد، كه له 13ی مانگی رابردودا له تاران له‌لایه‌ن "پۆلیسی ئەخلاق"ه‌وه ده‌ستگیركراو دوای سێ رۆژی گیانی له‌ده‌ستدا.
دەسەڵاتدارانی ئێران رەتیدەکەنەوە هیچ دەستێوەردانێکی پۆلیس لە کوژرانی ژینا ئه‌مینی هه‌بێت، كه 16ی مانگی 9ی ئه‌مساڵ له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تاران گیانی له‌ده‌ستدا، راسته‌وخۆ دوای روداوه‌كه‌ش ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران په‌یوه‌ندی به كه‌سوكاری ژیناوه كرد و پرسه و سه‌ره‌خۆی پێگه‌یاندن.
ئاژانسی فارسی ئێران بڵاویكردەوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە نزیكەی 60 كەس كوژراون، هاوكات رێكخراوی مافی مرۆڤ كە بنكەكەی لە ئۆسلۆیە لە ئێران بڵاویكردەوە، لانیكەم 83 كەس كوژراون، هەروەها دەسەڵاتداران لە 16ی ئەیلولەوە دەستگیرکردنی زیاتر لە 1200 خۆپیشاندەریان ڕاگەیاندوە، لە کاتێکدا ڕێکخراوە ناحکومییەکان باسیان لە دەستگیرکردنی چالاکوانان، پارێزەران و رۆژنامەنوسانیش کردوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بە دروستكردنی "ئاژاوە" تۆمەتبار دەکەن و ده‌ڵێن، هێزە دەرەکییەکان لەوانه ئەمریکا لە پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه، به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش، هاوڵاتیان به‌ردبارانی بنکەیەکی پۆلیس له زاهیدان ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پۆلیس.