ناسر كه‌نعانی: هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ خاكی عێراق و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران ده‌كه‌ن
  2022-10-03       431       


وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی هه‌میشه‌ رێزی دراوسێكانی گرتوه‌ و یه‌كه‌مین وڵات بون له‌ شه‌ڕی تیرۆردا پشتیوانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان كردوه‌، ده‌شڵێت، "گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ خاكی عێراق و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران ده‌كه‌ن".

ئاوێنه‌: ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەرفەتێکی باش بو بۆ دانوستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سه‌ر ئێران، لە پەراوێزی كۆبونه‌وه‌كاندا پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕکرا، ئێران جه‌ختی كرده‌وه‌ پابەندە بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی باش و بەهێز لە پێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێكی ئه‌رێنی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەپێی رێککەوتننامەی ڤییەننا، وڵاتان پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکانیان، به‌ڵام "ژمارەیەک لە باڵیۆزخانەکانمان هێرشیان کراوەتە سەر، بۆیە وەزارەتی دەرەوە جەختی لە پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکانمان کردەوە لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وڵاتان".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه‌شكرد، "له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتان هەندێک کەس بە بیانوی ناڕەزایی سیاسی پەنایان بردە بەر توندوتیژی و هەڕەشەیان لە دیپلۆماتكاران کرد و هەوڵیان دەدا به‌ربه‌ست بخه‌نه‌ به‌رده‌م چالاکی ئاسایی باڵیۆزخانەکان، تەنانەت بوەتە هۆی ترس و نیگەرانی هاوڵاتیان ئێرانی دانیشتوی دەرەوەی وڵات".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە چالاكییە هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ناسر كه‌نعانی وتی، "سیاسەتی بنەڕەتی ئێران لەگەڵ عێراق ڕێزگرتنە لە سەروەری و یەكپارچەیی خاك و یەكڕیزیی ئەم وڵاتە، ئەمە سیاسەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە سەختترین بارودۆخدا کاتێک عێراق له‌لایه‌ن گروپە تیرۆریستییەکان لەوانە داعش هێرشی كرایه‌ سه‌ر، ئێران یەکەم وڵات بو کە یارمەتی عێراقیدا بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی هاوڵاتییانی عێراق، بەڵام ئێران هەمیشە گرنگی بە زەرورەتی به‌كارنه‌هێنانی خاکی دراوسێ دەدات بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ وڵاتان، بەداخەوە چەندین ساڵە گروپە تیرۆریستەکان بنکەیان لە نزیک سنورەکانی ئێران دامەزراندوە کە ئاسایشی ئەو وڵاتە تێکدەدەن و زۆرێک لە هێزە چەکدارەکان و هاوڵاتیانمان لەدەستداوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێران سورە لەسەر دیالۆگی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆی عێراق و هۆشداری پێویستی لەو بارەیەوە داوە، پێویستە عێراق لە بونی ئەو گروپە تیرۆریستیانە پاک بکرێتەوە، ئێمە لەو بارەیەوە یاداشتێکی فەرمیمان داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق، لە دانوستانە سیاسی و ناسیاسیەكاندا هەمیشە حكومەتی ناوەندی عێراق و دەسەڵاتە خۆجێیەكانی عێراق لەم بارەیەوە هۆشداریان پێدراوه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×