ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی رایگه‌یاند، تا 10ی ئه‌م مانگه پله‌كانی گه‌رما چه‌ند پله‌یه‌ك به‌رزده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و ماوه‌یه‌وه، كه‌شوهه‌وا ناسه‌قامگیر ده‌بێت و كه‌شێكی سارد رو له‌ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێم ده‌كات و ئه‌گه‌ری هه‌وره تریشقه و بارانی پچڕ پچڕیش هه‌یه.
ئاوێنە: ئاراس جه‌بار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "له‌ئه‌نجامی به‌رده‌وامی كاریگه‌ری به‌رزه‌پاڵه‌په‌ستۆی ژێر گه‌رم و وشك له‌سه‌ر كه‌شی ناوچه‌كانمان له سبه‌ی چوارشه‌مه‌وه تا ناوه‌ڕاستی ھه‌فته‌ی ئاینده رۆژی 10ی ئه‌م مانگه كاریگه‌ری گه‌رما له‌سه‌ر ناوچه‌كانمان زیاد ده‌بێته‌وه و به‌ڕێژه‌ی دو پله‌ی سه‌دی له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان به‌رزده‌بێته‌وه، به‌گشتی ئاسمانی ناوچه‌كه له‌م مه‌ودایه‌دا به‌زۆری ساماڵ و ھه‌ندێك كات هه‌ورێكی كه‌می به‌رز دروستده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له ناوه‌ڕاستی ھه‌فته‌ی داهاتو به‌دواوه له‌ئه‌نجامی ھاتنه خواره‌وه‌ی بارسته ھه‌وایه‌كی سارد بۆ سه‌ر حه‌وزی ده‌ریای ناوه‌ڕاست قۆناغێكی نوێ له‌نزمبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌ناوچه‌كانی ھه‌رێمدا ده‌ستپێده‌كات، به‌رێژه‌ی 5-6 پله‌ی سه‌دی پله‌كانی گه‌رما له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كاندا نزم ده‌بنه‌وه، به‌یه‌كجاری له‌ناوچه‌كانی سنوری گه‌رمیاندا بۆ خوار چله‌كان داده‌به‌زێت، له‌گه‌ڵ زیاتر ساردبونی كه‌شی شه‌وان له‌م مه‌ودایه‌دا".
ئاراس جه‌بار باسی له‌وه‌شكردوه، له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌م بارسته هه‌وایه له‌رۆژی یه‌كشه‌مه 9ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2022ه‌وه كه‌شی ناوچه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ناسه‌قامگیر ده‌بێت به‌ھۆی ھاتنی برێك شێ له‌ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه، ئاسمانی ھه‌رێم به‌زۆری ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه ھه‌ور و ھه‌وری ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری چالاكبونی ھه‌وره تریشقه و بارانی ھه‌ره‌مه‌كی له‌به‌شێكی ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای دھۆك و باكوری پارێزگای ھه‌ولێر، هه‌روه‌ها چالاكبونی خێرایی با و خۆڵبارینیش له ئارادا ده‌بێت".