ژمارەیەك رێكخراو: پێویستە لەدادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تۆماربكرێ
  2022-10-05       744       

ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى جەختدەکەنەوە لەسەر پێویستى تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى فیدراڵى لەدژى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بەهۆى "پێشێلكاریی یاسایی و دەستوریی" لە پرسی درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانی كوردستاندا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی كوردستان پێشنیازە یاسایەكی بە واژۆی (85) ئەندام خستە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد، لەهەمان كاتدا خەسڵەتی بەپەلەی پێدا تا لە زوترین كاتدا پەسەند بكرێت، بەمەبەستى درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن.

ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى لە راگەیەنراوێکدا جەختیان کردوەتەوە، "لەم پێشنیازە یاسایەدا خودی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیش بونەتە لایەنگیر و ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكە كردوە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژوی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی پەرلەمان ئیمزا بەسەر پرۆژە یاسایەكی لەو شێوەیەدا بكات".

هەروەها وتوشیانە، "پێویستە بۆ رێگریكردن لەم پێشێلكارییە یاسایی و دەستورییە، تیمێكی پارێزەران ئامادەبكرێت و لە دادگای فیدرالی لە بەغدا سكاڵا لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆمار بكرێت."

دەقى راگەیەنراوەکە:

پێویستە نەریتی نایاسایی درێژكردنەوەی پەرلەمان كۆتایی پێ بهێنرێت 

ئەمڕۆ 5/10/2022 پەرلەمانی كوردستان پێشنیازە یاسایەكی بە ناونیشانی (یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان كوردستان) بە واژۆی (85) ئەندام لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، پێكهاتەكان و بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان) خستبووە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد، لەهەمان كاتدا خەسڵەتی بەپەلەی دا بە پێشنیازە یاساكە تا لە زووترین كاتدا پەسەند بكرێت. کە مەبەست لە پێشنیازەكە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنە، ئێمە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، وێرای ئەوەی چەندین راپۆرت و یادداشتمان ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کردووە، هۆشداریی ئەو مەترسییەمان خستبووە روو کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، ئەوەتا لە دوا کۆبوونەوەیدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە لایەنە سیاسیەکان رێکناکەون لەسەر هەڵبژاردن و هێشتا ناوچەی سەوز و زەرد ئەمری واقیعە، هەر لەم وتارەیدا هۆشداری دا بە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و مەترسییەکانی دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی خستە روو. کە پێمان وایە ئەمە هۆشدارییەکی مەترسیدارە، هەر لەم پێناوەدا لێرەدا ئەم چەند سەرنجە دەخەینە روو:

1-یەكێك لە بیانووەكانی دواخستنی هەڵبژاردن (هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان) و بیانووەكەی تریش (كارا نەبوونی كۆمسیۆن و پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران)ە، هەردوو بیانوو ئەگەر گرفت بن و كۆسپ بن بۆ هەڵبژاردن، خودی پەرلەمانی كوردستان لێیان بەرپرسیارەو لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم پرسە بوونی هەبووەو ئەركی پەرلەمان بوو چارەسەریان بكات بەڵام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو و هیچی نەكرد.

2-لە 1/3/2022 سەرۆكی هەرێم بە فەرمانێك وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكرد تا لە 1/10/2022 ئەنجامبدرێت و ماوەی شەش مانگی دیاری كردبوو، ئەگەر لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنیش ئەنجامنەدرا، بەڵام دەكرا لەو ماوەیەدا گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارە بكرێن، کەچی ئەو ساتەش پەرلەمان لە بری ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكات و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن بكات، نەك هەر بە ئەركی خۆی هەڵنەستاو گرفتەكانی چارەسەر نەكرد، بەڵكو سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند كە ئامادە نییە هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكات و بۆ ماوەی سێ مانگیش دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخست.

3-ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی بووە بەنەریت كە لەوادەی خۆیاندا ئەنجامنەدرێن، ئەمەش نەنگییە بۆ هەرێم و ئەزمونەكەی و سەركردایەتییە سیاسییەكەی، چونكە ئەوەی گوزەراوەو دەگوزەرێت لە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەماندا بەپێی یاساو پەیڕەو نایاساییە، بەتایبەت ئەگەر هۆكارێكی تەكنیكی، یا گۆڕینی یاسا یا هەر بیانوێكی تری باوەڕپێكەری دەرەوەی ئیرادەی پەرلەمان نەبێت، لە ئێستادا هەم هیچ بیانویەک نیە لەدەرەوەی ئیرادەدا بێت و هەم لەكاتی دواخستنەكەشدا هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ لابردنی كۆسپەكان تا لەوادەی دەستنیشانكراودا هەڵبژاردن بكرێت.

4-هەمیشە دەبێت رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن بێت، ئەركی پاراستنی پەیرەو و یاسایە، بەڵام لەم پێشنیازە یاسایەدا خودی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیش بوونەتە لایەنگیرو ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكە كردووە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی پەرلەمان ئیمزا بەسەر پرۆژە یاسایەكی لەو شێوەیەدا بكات، لە خولەكانی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان (سەرۆكی بەخۆوە بینیوە، هیچ كامیان ئەم كارەیان نەكردووە، ئەمەش دەریدەخات كە سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان خۆیان بەشێكن لە سیناریۆی جێبەجێكردنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. 

5-بۆ مێژوو لەم كردە نایاساییەی ئەنجامدەدرێت كە ئەتكی دیموكراسی تیادا دەکرێت و هەست و شعوری دەنگدەرانی كوردستان لەبەرچاو ناگیرێت، لایەنە سیاسییەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان و یانزە نوێنەركەی پێكهاتەكان) ئۆباڵی سیاسیی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژووییەیان دەكەوێتە ئەستۆ.

6-پەرلەمانی كوردستان بەرزترین دامەزراوەی یاساییەو بەپێی بڕیاری خۆی "تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق"، ناكرێت بەم شێوەیە بێ ئەرزش بكرێت و حیساب بۆ هیچ یاساو پەیرەوێك نەكرێت و بەم شێوازە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە ئەگەر هەموو لایەك نەیەنە دەنگ ئەوە گرفتەكە هەر بەردەوام دەبێت و دوای ئەمە جارانی تریش ئەم كارە نایاساییە دووبارە دەبێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر چالاكوانان و یاساناسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆشنبیران لە ئاستیدا بێدەنگ نەبن و هەموو رێگەو فشارێكی مەدەنی بگرنە بەر.

7-پێویستە بۆ رێگریكردن لەم پێشێلكارییە یاسایی و دەستورییە، تیمێكی پارێزەران ئامادەبكرێت و لە دادگای فیدرالی لە بەغدا سكاڵا لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆمار بكرێت.

لەگەل رێزدا 

5/10/2022 

ناوی رێکخراوەکان:

١-رێکخراوی هەڵوێست.

٢- ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY). 

٣-رێکخراوی (WOLA). 

٤-سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD). 

٥-رێکخراوی پایتەختی ئاشتی. 

٦-رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان (KEODD). 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×