توركیا بەچڕی بۆردومانی سنوری ناڵپارێز دەكات
  2022-10-07       592       

بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز سەربە قەزای پێنجوێن رایگەیاند، تورکیا لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بەچڕی لە گوندی بادانە و زەردکاوا بۆردومانی دەستیپێکردوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، بەڵام بۆردومانەکە لە جارەکانی دیکە چڕترە.

ئاوێنە: هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە روداوی راگەیاند، لە سەعات 2:50 خولەكی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنوری گوندەکانی بادانە و زەردکاوی لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن بۆردومان کرد، بەشێوەیەک کە تەنیا لە 20 خولەکدا سێجار بۆردومانی سنوری ئەو دو گوندەی کردوە.

 سەبارەت بە زیانی بۆردومانەکان بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایگەیاند، زیانی گیانی نەبوە، تەنیا زیانی بە سروشت و ژینگەی ناوچە کشتوکاڵییەکانی سنورەكە گەیاندوە.

لە رۆژی 4-10-2022ـەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنوری گوندەکانی پێنجوێن و شارباژێر بۆردومان دەکات، رۆژی 4ـی مانگ بە درۆنێک ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەیش برینداربو. بەهۆی بۆردومانەکانی ئەم دواییە بەشێک لە گوندنشینەکان ماڵەکانیان چۆڵکردوە.

 هێمن ئیبراهیم رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش فڕۆکەکان بەبەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسورێنەوەو چاودێری دەکەن و بۆردومانی ناوچەکە بەردەوامی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×