ڤیدیۆ..لە سنە كەسێك بەتەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەكوژرێت و ناڕەزایەتییەكان زیاتر پەرەدەسێنن
  2022-10-08       793       

ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی بەردەوامی ناڕەزایەتییەكاندا لە شاری سنە، كەسێك بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراو ناڕەزایەتییەكانیش زیاتر پەرەیان سەندو بەشێك لە شەقامەكانی شارەكە كەوتونە دەست خەڵك.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، تەقەیان لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێك كردوە كە بە لێدانی هۆڕین ناڕەزایەتی دەربڕیوەو لە ئەنجامدا ئەو شۆفێرە كە پیاوێكە، كوژراوە.

رێكخراوەكە وتویەتی، ئەو پیاوە فیشەك بەر سەری كەوتوە.

هاوكات رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دیمەنێكی ناڕەزایەتییەكانی شارەكەدا، نوسیویەتی، بەشێكی سنە كەوتۆتە دەست خەڵك. بۆ بینینی ڤیدیۆكە لێرە كلیك بكە

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، لە شەقامێكی سنە، خەڵك لە دەوری ئۆتۆمبێلی ئەو كەسەی كوژراوە كۆبونەتەوەو ژنێك كە پێدەچێت دایكی كوژراوەكە بێت هاوار دەكات "كوڕەكەم، كوڕەكەم" و یەكێك لە خۆپیشاندەرانیش دروشمی "بێ شەرەف، بێ شەرەف" دەڵێتەوە.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، لەدوای كوژرانی ئەو كەسە ناڕەزایەتییەكان لە سنە زیاتر پەرەیان سەندوەو خۆپیشاندەران لە چەند شوێن و شەقامێكی شارەكەیان داخستوەو دەستیان كردوە بە سوتاندنی تایە.

هەروەك ئەوەشی ئاشكراكردوە كە هەر ئەمڕۆ یەكێك لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان لە روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەراندا لە سنە كوژراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×