جەمیل بایک پەیامێک ئاراسته‌ی‌ خەڵکی سلێمانی دەكات
  2022-10-08       1234       

جەمیل بایک ڕایدەگەیەنێت، “بەئەنقەست هەڤاڵ ناگیهان ئاکارسەل تیرۆرکرا، چونکە ئەو کاری گرنگی بۆ گەلی کوردو ژنان‌و مرۆڤایەتییش دەکرد، دەوڵەتی تورک دوژمنی ژنانە، دوژمنی کوردو مرۆڤایەتییە”، پەیامیش بۆ خەڵکی سلێمانی‌و سۆرانییەکان دەنێرێت‌و داوایان لێدەکات، “بەرخۆدان بەرامبەر ئەو تیرۆرانە بکەن کە لەسنورەکانیان ڕودەدەن‌و هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن”.

ئاوێنه‌: جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە- لەمیانی بەشدارییکردنی لەبەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤیی، تیشکدەخاتە سەر تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی لەشاری سلێمانیئ دەڵێت، ”هەڤاڵ ناگیهان ڕەنجێکی زۆریدا هەم بۆ ژنان و هەم بۆ گەلی کورد، خزمەتێکی زۆری کرد، هەموو ژیانی تەرخانکرد بۆ بزووتنەوەی ژنان و خزمەتکردنی گەلی کورد، نەک تەنها بۆ ژنانی باشووری کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی کورد و ژنانی دنیا ئەم خەباتەی بەڕێوەبرد، ئەو خەباتەش خزمەتێکی گەورەیە بە گەلی کورد و مرۆڤایەتیی، بەوبۆنەیەشەوە من بەڕێزەوە یادی ئەو هەڤاڵە دەکەمەوە، هەرگیز ڕێگەنادەین ڕەنجەکەی بەهەدەر بچێت، ئێمە قەرزداری ئەوین کە خەون و ئاواتەکانی بەدیبهێنین”.

دەشڵێت، ”بەئەنقەست هەڤاڵ ناگیهان تیرۆرکرا، چونکە ئەو کاری گرنگی بۆ گەلی کورد و ژنان و مرۆڤایەتییش دەکرد، دەوڵەتی تورک دوژمنی ژنانە، دوژمنی کورد و مرۆڤایەتییە، هەرکێ ڕەنج بۆ ژنان و کورد و مرۆڤایەتیی بدات، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەیکاتە ئامانج، ئەوان هەموو کەسێک ناکەنە ئامانج، کێ خزمەتی زۆربێت ئەو دەکەنە ئامانج”.

ئاماژە بەتێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل بۆ گەیاندنی تێزی ژنۆلۆژیی دەکات بە کۆمەڵگەو ڕایگه‌یاند، ”ئەو ژنۆلۆژییەی کە هەڤاڵ ناگیهان خزمەتی دەکرد و ڕەنجی بۆ دەدا، بەرهەمی ڕێبەر ئاپۆ بوو، ڕێبەر ئاپۆ ئەم مەیدانەی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتیی دروستکرد، هەڤاڵ ناگیهانیش خاوەنداریی لەو مەیدانە کرد، یاخود خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، هەوڵیدا ئەو فەلسەفەیە لە بەکردەیی بەرجەستە بکات، هەوڵیدا ئەمە لە دنیادا بڵاوبکاتەوە، کاتێک هەڤاڵ ناگیهان دەکەنە ئامانج، واتای ئەوەیە کە ژنیان کردووەتە ئامانج، بۆیە دەبێت هەم ژنانی کورد، هەمیش ئەو کەسانەی تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسیی دەکەنە بنەما بۆخۆیان، خاوەنداریی لە هەڤاڵ ناگیهان بکەن، چۆن خەونەکانی بەدیدێت؟ چۆن تۆڵە دەکرێتەوە؟ بە قوڵبوونەوە لە ژنۆلۆژیی و هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنانی کورد دەکرێت، بەوشێوەیە هەڤاڵ ناگیهان بەزیندوویی دەهێڵدرێتەوە”.

هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەوەی کە ئایا بۆچی لە سلێمانی و لە ناوچەی سۆرانییەکان ئەم تاوانانە دەکرێت؟ دەڵێت، ”دەبێت سۆرانییەکان باش تێبگەن کە ئامانجی ئەم تاوانانە چییە. ناوچەی سۆرانییەکان کە وەک ناوچەی ڕۆشنبیر، ڕووناکبیر، نووسەر و ئەکادیمیست دەزانرێت، دەبێت باش بزانن کە بەم تاوانانە چی دەکرێتە ئامانج، بە دروستکردنی ترس، دەیانەوێت هەموو کەسێک بێدەنگ بکەن و بیکەنە کۆیلەی خۆیان، چونکە لەو ناوچانە تایبەتمەندییەکی گەلەکەمان هەیە کە زوڵم، دەسەڵاتداریی و کۆیلایەتیی قبوڵ ناکەن، هەستی ئازادییان زۆر بەهێزە، بۆیە هەمیشە پاڵپشتی بزووتنەوەی ئازادیین، دەوڵەتی تورک و پەدەکە و تورکمانەکانی هاوکاریشی باش ئەمە دەزانن”.

بایک ستایشی سۆرانییەکان دەکات و دەڵێت، “وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوونە بزوێنەری بەرەوپێشبردنی گەلی کورد، لە باشووریش ناوچەی سۆرانییەکان و ڕووناکبیرییەکەیان بوونەتە بزوێنەری باشوور”، دەشڵێت:”ئەوان ڕۆشنبیرییان لە باشوور پێکهێنا، بۆیە دەیانەوێت ئەو ڕووناکبیرییە بکوژێننەوە، ئەوەش هۆکاری هێرشەکانە لە سلێمانی و ناوچەی سۆرانییەکان، دەبێت گەلەکەمان و ڕووناکبیر و سیاسەتمەدارەکانمان باش بزانن، ئەوەی کە لە ئەوان چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە کە بەرخۆدان بکەن بەرامبەر ئەو تیرۆرانە، نەک تەنها بە بەیاننامە، بەڵکو دەبێت بەرامبەر دەوڵەتی تورک، بارزانیی و تورکمانەکان هەستنەسەرپێ و هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن، پێیان بڵێن ‘ڕێگەتان پێنادەین ئێوە ئەم کارە قێزەونانە لە ناوچەکانی ئێمە بکەن‌، هەمیش دەبێت خاوەنداریی لە شەهیدان بکەن و خاوەنداریی لە خۆشیان بکەن، ڕێگەنەدەن خیانەتکار لەناویاندا جێگیرببێت، بچنە سەریان و تۆڵەیان لێ بکەنەوە، بەوەش وادەکرێت کە دەوڵەتی تورک، بارزانیی و تورکمانەکان نەتوانین چیتر زوڵمی وا لەو ناوچانە بکەن”.

لەبارەی هۆکاری هێرشەکانی سەر پەکەکەشەوە ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ”ئەگەر ئەمڕۆ دوژمن هێرشدەکاتە سەر پەکەکە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەکەکە گوزارشت لە هەستی گەلی کورد دەکات، پەکەکە ڕێگە بە دەوڵەتی تورک و پەدەکە نادات بە ئامانجەکانیان بگەن، بۆیە هێرشی دەکاتەسەر، ئەوەیە لە گەلی سۆرانییەکان چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم ڕاستییە بەباشیی درک پێبکەن و بەگوێرەی ئەوە هەنگاو بنێن، ئەگەر ئەمەیان کرد، ئەوکات نە تورکیا و نە پەدەکە و نە تورکمانەکانیش ناتوانن تاوانی لەمشێوەیە ئەنجامبدەن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×