راگەیەنراوێک لەجڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆرانەوە
  2022-10-08       816       


جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆران لەبارەی‌ پرسی‌ درێژکردنەوەی‌ تەمەنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان راگەیەنراوێکی‌ بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەمەرجی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران‌و تەواوکردنی رێگاوبانەکان، به‌درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ پەڕلەمان رازیبون.

ئاوێنه‌: دەقی‌ راگەیەنراوەکە:


راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی

‎ئەمڕۆ شەممە (٨ی ١٠ی ٢٠٢٢)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی ئەنجامدا.
‎سێ پرسی سەرەکی، تەوەری گفتوگۆکانی ئەندامانی جڤات بو:

‎یەکەم: کۆنفرانسی نیشتمانی
‎لیژنەی باڵای کۆنفرانسی نیشتیمانی کۆتا ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت.

‎دوەم: پرسی ئاشتەوایی و خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی بەرهەمهێنی لەسەرکرا، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا هەنگاوە کردارییەکانی ئاشتەوایی و سەقامگیری ڕێکخراوەیی دەست پێ بکات؛ وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس و خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی گۆڕان.

‎سێیەم: پرسی وادەی پەرلەمان
‎بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە لە کات و ساتی خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش وەک بەرپرسیارێتی نیشتیمانی کە دواخستنی هەڵبژاردن نەبێتە نەریتێکی نادیموکراتی و زەوتکردنی مافی خەڵک؛ فراکسیۆنی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٢٠) پێشنیازی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان، هاوکات لە (٣١ی٣ی٢٠٢١) پێشنیازی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەڵام ناکۆکی حیزبی بووە هۆی گوێنەگرتن لە پڕۆژەکانی گۆڕان، ئەم دوو پرسەش کرانە لەمپەڕێکی یاسایی لەبەردەم هەڵبژاردن.
‎لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەک بۆ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە هەرێم، لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەوانە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان و  پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و چەند پڕۆژە یاساییەکی گرنگ لەوانە خانەنشینی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ؛ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان فراکسیۆنە پێکهێنەرەکانی حکومەت واژۆکرا.

‎جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی‌ گۆڕان
8/10/2022
‎‎

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×