لەرێوڕەسمێکدا بەئامادەبونی عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لەعێراقو ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکانو ھیمداد سەباح بیلال سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی کوردستان، سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لەھەولێر کرایەوە.
ئاوێنه: لەرێوڕەسمەکەدا باڵیۆزی تورکیا لەعێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی کارکردنمان، ھەروەھا بۆ رێگریکردن لەبازرگانییکردن بەڤیزاوە، ئەم سەنتەرەمان کردەوەو لەمەودوا ھەموو ھاوڵاتیان دەتوانن لە رێگای ئەم سەنتەرەوە باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت."
وتیشی، "لەکۆی ١٢ سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لەعێراق، رۆژانە پێنج ھەزار داواکاری وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش دەکرێت و لەوەرزی ھاویندا ئەم رێژەیەیە بەرزبوەوە بۆ حەوت ھەزار داواکاری، توانیومانە بەباشترین کوالێتی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ھاووڵاتییان بکەین".
عەلی رەزا گونەی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و جەختی لەسەر گرنگییدان بە سەقامگیری ناوچەکە کردەوەو وتی، "پەیوەندی دوولایەنە، سەقامگیریی و خۆشگەزەرانی و ئاسایشی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ئێمە گرنگە".