فەرمان ڕەشاد: دژه‌تیرۆرى یه‌كێتى ته‌قه‌ى له‌دوو ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ كردوه‌و ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌
  2022-10-10       679       

سه‌رۆكى ڕێكخراوێك ئاشكرایده‌كات، هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نوس سەرتیپ قەشقەیی‌و ئیبراهیم عەلی له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆرى یه‌كێتیه‌وه‌ هێرشیانكراوه‌ته‌سه‌رو ته‌قه‌یان لێكراوه‌، عه‌دنان عوسمانیش زانیاریی نه‌بیستراو له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت:"ئێستا ئه‌و دوو ڕۆژنامه‌نوس له‌ئاسایشی سلێمانین".

ئاوێنە: دەزگای میدیایی بوار له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ى هەرسێ سەرۆكایەتیه‌كه‌ى هەرێم‌و باڵیۆزخانەو كونسوڵگەری‌و نوێنەرایەتی وڵاتانى لەكوردستان‌و عێراق‌و ڕێكخراوەكانی ناوخۆو نێودەوڵەتی تایبەت بەئازادی ڕۆژنامەوانی‌و مافی مرۆڤ كردوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، پێشنیوەڕۆی دوێنێ یەكشەممە هەریەك لەسەرتیپ وەیسی قەشقەیی سەرنوسەری دەزگای میدیای بوارو ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە بۆ كارێكی ڕۆژنامەوانی لەهەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لەپەیوەندیدا بون لەگەڵیان‌و بڕیاربوه‌ ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، "بەداخەوە لەوكاتەوە (كاتژمێر شەشی ئێوارە) تاوەكو بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاگەیاندراوە ژمارە مۆبایلەكانیان داخراوه‌، بەڵام ناوە ناوە هێڵی ئینتەرنێتیان دەكرێتەوەو دادەخرێت، سەرباری ئەوەی هیچ وەڵامێكیان نییە".

باس له‌وه‌شده‌كات، "ئەوەی بۆتە جێگەی گومانی ئێمەمانان لەدەزگای میدیایی بوار، كاتژمێر (9:24) خولەك لەڕێگەی ئەكاونتی ئیبراهیم عەلی، ئەكاونتێكی تر كە ناوی لای ئێمە پارێزراوە كراوەتە ئەدمین لەدەزگای میدیایی بوار لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندراوەوه‌ هەرسێ سەرۆكایەتی‌و دامەزراوەكانی هەرێم بەبەرپرسیار دەزانین تاوەكو سۆراغی ئەم دوو هاوكارەمان دەزانین‌و سەلامەتیان لەئەستۆی دامەزراوەكاندایە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ فەرمان ڕەشاد سەرۆکی ڕێکخراوی ستۆپ ئاشكرایكردوه‌، "سەرتیپ قەشقەیی‌و ئیبراهیم عەلی زۆر بەشێوەیەکی مافیاگەراییانە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بەسەرۆکی یەکێتی لەکاتی گەڕانەوە لەسلێمانیەوە بۆ هەولێر هێرشیانکراوەتەسەر، تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەیان کراوە پاشان دەستگیرکراون، بۆیە ژیانیان لەمەترسیەو پێویستە هەرچی زوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان ئاگاداربکرێنەوە".

له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و پرسه‌، عەدنان عوسمان ڕۆژنامه‌نوس زانیاریی گرنگى ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت:"ئیبراهیم‌و سەرتیپ بەبرینداری گیراون، تەقەیان لێکراوەو سه‌یارەکەیان وەرگەڕاوە، پاشان بەبرینداری گیراون‌و ئێستا لەسلێمانی دەستبەسەرن".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامى به‌دواداچونێكى خۆى ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى:"پاش سۆراخ‌و بەدواداچون، دەرکەوت هەردوو هاوڕێی ڕۆژنامەنوسمان سەرتیپ وەیسی‌و ئیبراهیم عەلی لەئاسایشی سلێمانین‌و ئێستا پارێزەریان بۆ دابیندەکەین‌و بەدوایدا دەچین".

لاى خۆیشیانه‌وه‌، ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "دوانیوەڕۆی دوێنێ، ڕۆژنامەنوس سەرتیپ قەشقه‌یی‌و ئیبراهیم عەلی لەلایەن گروپێکی سەربازی دژەتیرۆری یەکێتی لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەشاری سلێمانی بۆ کاری میدیایی، دەستگیرکران".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×