تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، پەتای وەرزی و سكچون و رشانەوە لەنێو منداڵان زیادیكردوەو لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا نزیكەی 700 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵانیان كردوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەگەڵ دەستپێكردنی وەزری نوێی خوێندن، سكچون و ڕشانەوەو پەتای وەرزی لەنێو منداڵان زیادی كردوە."
لە راگەیەندراوەكەدا دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمە ڕەشیدی تایبەت بەمنداڵان لەشاری سلێمانی رایگەیاندوە، رێژەی هێنانی منداڵی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکەیان ڕوی لەزیادبون كردوە.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا نزیکەی ۷۰۰ منداڵی نەخۆش هێنراون بۆ بەشی ڕاوێژكاری نەخۆشخانەی منداڵان و ۱۳۷ منداڵی نەخۆش داخڵ كراون و نزیكەی ۷۰ منداڵی نەخۆش لەبەشی نەخۆشییە درێژخایەنەكان بینراون و زۆرینەی ئەو منداڵانەی داخڵكراون لەبەشی فریاكەوتن بوە و بەشێكیان لە بەشی منداڵی تازە لەدایكبوبوە.