دو رۆژنامەنوسەكەی دەزگای میدیایی بوار دو كەیسیان لەسەرە
  2022-10-10       803       

هەردو رۆژنامەنوسەكەی دەزگای میدیایی بوار لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و دو كەیسی یاساییان لەسەرە، كە یەكێكیان لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆر (یەكێتی) و ئەوەی تر لەلایەن وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمەوە لەسەریان تۆماركراوە.

ئاوێنە، كەركوك ناو: شەوی رابردو 9ی تشرینی یەكەم، لەكاتی گەڕانەوەیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، هەریەكە لە سەرتیپ وەیسی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی بوار و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە لە نزیك قەزای كۆیە دەستگیركراون و رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كران، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە دەزگای میدیایی بوار بڵاویكردەوە كە بێسەروشوێنن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەكە لە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ، سەردانی ئاسایشی سلێمانیان كرد و چاویان بەهەردو رۆژنامەنوسەكە كەوت.

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو دو رۆژنامەنوسە لەكاتی گەڕانەوەیاندا و لە نزیك كۆیە دەستگیركراون، ئەوان دو كەیسی رۆژنامەنوسییان لەسەرە كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بابەتی رۆژنامەوانی".

وتی "ئێمە هەردو رۆژنامەنوسەكەمان بینی، دەركەوت فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوە، بەڵام بڕیارەكە نەگەیشتوە بە ئەوان".

داواشیكرد، لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك یاسای تر.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری رۆژنامەنوسان نابێت دەستگیربكرێن.

بەدرییە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، كە یەكێك بو لەوكەسانەی هەردو رۆژنامەنوسەكەی لە ئاسایشی سلێمانی بینی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "هەندێك دەنگۆ بڵاوبۆتەوە گوایا باری تەندروستییان ناجێگیرە، یان بریندارن و ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاوە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ شوێنەوارێكی برین و گولـلە بە جەستەیانەوە نییە، ئۆتۆمبێلەكەیان وەرنەگەڕاوە، وەكو پەرلەمان چاودێری كەیسەكەیان دەكەین، بۆ ئەوەی تەنیا لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دادگایی بكرێن".

ئاماژەی بەوەشدا كە دو داوای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، یەكێكیان لەلایەن دژە تیرۆر و ئەوەی تر لەلایەن وەزیری داراییەوە، بەڵام جەختیانكردەوە كە ناوەڕۆكی داواكە نازانن.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، كە ئەویش یەكێك بو لەو وەفدەی سەردانی دو رۆژنامەنوسەكەیان كرد لە ئاسایشی سلێمانی، وتی "رۆژنامەنوسەكان دەڵێن هیچ بڕیارێكی دادگامان پێنەگەیشتوە، لەكاتی گەڕانەوەماندا لەلایەن هێزێكی دژە تیرۆرەوە دەستگیركراوین".

ئاماژەی بەوەشدا كە رۆژنامەنوسەكان وتویانە، هەشت سەعات لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×