بافڵ تاڵەبانی: پۆستی سەرۆككۆمار بۆ ئێمە لەچوارچێوەی هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد
  2022-10-10       668       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەبارەی دیاریكردنی كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، وتی، "بۆ هەمو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بڕوامان بە یەکهەڵوێستی و یەکگرتویی کورد هەبوە لە بەغدا. پۆستی سەرۆککۆماریش بۆ ئێمە هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانە بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەكێتی ئامادەبو، گفتوگۆ لەبارەی دوایین هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کرا و جەخت لە "پێکهێنانی حکومەتێک کرایەوە کە ببێتە مایەی رەزامەندی هەمولایەک و وەڵامدەرەوەی خواستی هەمو نەتەوە و پێکهاتەکان بێت."

لە درێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی "سوربونی یەکێتی بۆ چارەسەری سیاسییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستورو هاوبەشیی راستەقینە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی هەموان دوپاتکردەوە"و رایگەیاند، "دەبێت بەرژوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان بنەمای کارکردنی داهاتومان بێت و باوەڕی تەواومان بەم پرەنسیپە هەیە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار و دیاریکردنی کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە، بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە لەسەرەتاوە نەک بەتەنیا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵکو بۆ هەمو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بڕوامان بە یەکهەڵوێستی و یەکگرتویی کورد هەبوە لە بەغدا. پۆستی سەرۆککۆماریش بۆ ئێمە هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانە بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×