یه‌كێتى وه‌ڵامى داواكاریه‌كى بارزانى ده‌داته‌وه‌
  2022-10-11       1073       

بڕیادەری فراکسیۆنی یەکێتی له‌په‌رله‌مانى عێراق وه‌ڵامى پێشنیازێكى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "من پەرلەمانتاری عێراقم چۆن دەبێ سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێرم‌و پەرلەمانتارێکی کوردستان دیاریبکات له‌كاتێكدا سه‌رۆك كۆمار سەرۆکی هەموو عێراقەو پارێزەری دەستوری عێراقەو نوێنەرایەتی سەروەری عێراق دەکات".

ئاوێنە:  کاروان یاروەیس بڕیادەری فراکسیۆنی یەکێتی له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامى ئه‌و پێشنیازه‌ى مه‌سرور بارزانى دایه‌وه‌ كه‌ داوایكردبوو، سه‌رۆك كۆمار كه‌ به‌ركه‌وته‌ى كورده‌، پێویسته‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كلابكرێته‌وه‌.

یاروه‌یس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "ڕاستە سەرۆک کۆمار وەک تەوافوق بەرکەوتەی کوردە، بەڵام پرسێکی عێراقیەو سەرۆکی هەموو عێراقەو پارێزەری دەستوری عێراقەو نوێنەرایەتی سەروەری عێراق دەکات، دواتر من پەرلەمانتاری عێراقم چۆن دەبێ سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێرم‌و پەرلەمانتارێکی کوردستان دیاریبکات!".

ئاشكراشیكرد، 170 ئیمزایان ڕادەستی سەرۆکایەتی په‌رله‌مانى عێراق کردوە تا ڕۆژی چوارشەممە 12ى ئه‌م مانگه‌ دیاریبکات بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

پرسیارى ئه‌وه‌شده‌كات، "زۆر پرس‌و کێشەی گرنگی کوردستانی هەیە، بۆ لەپەرلەمانی کوردستان یەکلایی ناکرێتەوە؟".

ده‌شڵێت:"باشتروایە ڕێکبکەوین، چونکە بەرپرسیارێتی هاوبەشی یەکێتی‌و پارتی تەنها ئەم قۆناغە نییە، ئەگەر ڕێکنەکەوتین دەچینە هەڵبژاردنەوەو دەبێ هەردولا ئەنجامەکەی قبوڵبکەن، دواتر پۆستەکانی تری بەرکەوتەی کورد کە بەر پارتی کەوتن بەبێ ڕێکەوتنی کوردی - کوردی هەڵبژێردران لەوانەش جێگری سەرۆکی په‌رله‌مان".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی‌و یەکڕیزیی کورد، یەکێتی زۆر هاتەپێشەوەو چەندینجار سەرۆک‌و وەفدی مەکتەبی سیاسی سەردانی کاک مەسعودو پارتیان کرد، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×