رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌ی دۆخی سنه‌وه‌ هۆشداری ده‌دات
  2022-10-11       583       

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەبارەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هۆشداری دا.

ئاوێنە: رێکخراوە نێودەوڵەتییەكه‌، رایگه‌یاندووه‌: کۆمەڵێک راپۆرتی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی گەرم و بەکار‌هێنانی فراوانی گازی فرمێسکڕێژی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێگەیشتووە. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، تەنانەت گازی فرمێسکڕێژ بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییانی شاری سنە هەڵدراوە.

لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، گرژی و پێکدادانی توندی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دەبیندرێت. لە هەندێ ڤیدیۆدا، دەنگی تەقەی بەردەوام دەبیسترێت و ئەمەش بووتە هۆی زیاتربوونی نیگەرانییەکان لە دۆخ و چارەنووسی خۆپێشاندەران.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە تویتێکدا بەرپرسانی ئێرانی بە پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن تۆمەتبار کردووە.

ئەو رێکخراوەی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، داوای لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، لەبارەی دۆخی شاری سنەوە نیگەرانی خۆیان بە باڵیۆزانی ئێران لە وڵاتەکانیان بگەیەنن و داوایان لێبکرێت، ئێران کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندان بهێینێت و مافی خۆپێشاندانی ئاشتیانە بە فەرمی بناسێت.

سنە، یەکەم شار بوو کە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندانی تێدا کرا. چەند رۆژ لەمەوبەریش دوای ئەوەی گەنجێکی ئەو شارە بە ناوی یەحیا رەحیمی، کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوو و بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا، خەڵکی ناڕازی زیاتر رژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانەکان گرژی زیاتریان تێکەوت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×