بافڵ تاڵەبانی بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران: مافە دەستورییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن
  2022-10-11       783       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیراندا كۆبوەوەو داوای كرد، مافە دەستورییەكانی كورد جێبەجێ بكرێن و پێشێل نەكرێن "چونکە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی هاوڵاتییانمان ناکەین."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ‏‎لە دیدارێکدا، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و كۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسی لە عیراق تاوتوێكران و هەردولا جەختیان لە "یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی بەهێزو خزمەتگوزار كە پارێزەری مافی هەموان بێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی "هەوڵی ئێمە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانێکی باشترە. دەمانەوێت حکومەتی نوێ خزمەتی زیاتری هەمو هاوڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی و روبەڕوی گەندەڵی و نایەکسانی ببێتەوە."

سەرۆكی یەكێتی داواشیکرد، "مافە دەستورییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن و پێشێل نەکرێن، چونکە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی هاوڵاتییانمان ناکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×