دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچون بۆ كەیستی دو رۆژنامەنوسەكەی دەزگای میدیایی بوار دەكات
  2022-10-11       361       

دەستەی مافى مرۆڤى هەرێم بەدواداچون بۆ کەیسى دو رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکەی دەزگای میدیایی بوار دەكات لە سلێمانى و سەنتەرى میترۆش داوادەکات بە کەفالەت ئازاد بکرێن. 

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، مونا یاقۆ، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم و وەفدێكی دەستەكە، لەمیانی سەردانیان بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی بەدواداچون بو بۆ كەیسی دو رۆژنامەنوسە دەستگیركراوەكەی تۆڕی هەواڵی بوار (سەرتیپ وەیسی ، ئیبراهیم عەلی)و دیداری لەگەڵ هەردو رۆژنامەنوسەكە لە ئاسایشی سلێمانی، سەردانی سەنتەری میترۆیان كردوە.

سەنتەرەكە وتویەتی"لەم سەردانەدا هەردولامان هاوراِ بوین كە كەیسی تایبەت بە بڵاوكردنەوە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت و لە  رێوشوێنەكانی ئاگاداركرنەوەو دەستبەسەركردن لە تایبەتمەندی بنكەكانی پۆلیس بێت."

سەنتەری میترۆ جەختیكردۆەوە  كە دەبێت هەمو هەوڵەكان بە ئاراستەی گۆڕینی مادەی یاسایی ئەم دو رۆژنامەنوسە بێت بۆ یاسای رۆژنامەگەری و ئازادكردنیان بە كەفالەت.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ د. مونا یاقۆ وتویەتی" شانازی بەكارەكانی سەنتەری میترۆوە دەكەین ناوبانگتان لە بواری ئازادی رۆژنامەگەری دیارە." وتیشی" هەردولامان بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ كاردەكەین و بە هیواین بتوانین بۆردی مافەكانی مرۆڤ لەگەڵ رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ دابمەزرێنین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×