فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بەپێی ڕێکەوتنى هەولێرو بەغدا، دەبێت تا ٢٠ ڕۆژى دیکە پشكی هەرێم لە نەوتی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: فارس عیسا، ئەمڕۆ سێشەممە، بە فەرمانگەی میدیاو زانیاری راگەیاند"لە ڕێکەوتى ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەگەڵ هەر یەک لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریکارى وەزارەت کۆبوینەوە، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان ٢٠٠ لیتر دابین بکات."
وتیشی''لە چوارچێوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشکى هەرێمی کوردستان تا سەرى مانگ، واتە تا ٢٠ ڕۆژى دیکە دابین دەکرێت و لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دەست بە ناردنى ئەو بڕە سوتەمەنییە دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەک ساڵانى پێشوی لێ نەیەتەوە کە لە کۆی ٢٥٧ ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە ٦٥ ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا."