دۆشكە لەسەر قەڵای كەركوك جێگیركراوە و لەچەند شوێنێكیش سوپا بڵاوەیپێكراوە
  2022-10-11       1019       
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2022/ جێگیركردنی دۆشكەیەك لەسەر قەڵا و بڵاوبونەوەی سوپا لەناو شار. فۆتۆ: كەركوك ناو

لەسەر قەڵای كەركوك چەند دۆشكەیەك جێگیركراون و لەناو شار و بەشێك لە گەڕەك و كۆڵانەكانیش سوپا بە چەك و هەمەری سەربازییەوە بڵاویانپێكراوە. فەرماندەیەكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لەوبارەیەوە دەڵێت "تەنیا گرتنەبەری هەندێك رێكاری ئەمنییە لەپێناو دڵنیایی ئەمنی بە هاوڵاتیان".

ئاوێنە، كەركوك ناو: دۆشكەكان لەچەند رۆژی رابردودا بردراونەتە سەر قەڵا و جێگیركراون، هاوكات لە ماوەی سێ رۆژی رابردوشدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) چاودێریی ناو شاری كردوە، تێبینی كراوە كە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی سوپا بەشێوەیەكی چڕترە بە بەراورد بە هەفتەكانی رابردو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە بەرپرسیارێتی لە پۆلیسی کەرکوکدا هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڵاوەپێکردنی هێز لەناو سەنتەری شارەکە رێکارێکی ئەمنیی و سەربازییە... ئەوە شتێكی تازە نییەو پێشتریش لەناو شاردا هەبون"، بەڵام سەرچاوەكە ئامادەنەبو لەبارەی جێگیركردنی چەكی قورس لەسەر قەڵای كەركوك هیچ رونكردنەوەیەك بدات.

بونی چەكی قورسی سوپای عیراق لەسەر قەڵا و جێگیركردنی، لەكاتێكدایە دۆسیەی ئەمنی قەڵای كەركوك لەلایەن پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار و پۆلیسی ئامادەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

هاوكات سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، كە دۆسییەی ئەمنی تەواوی پارێزگاكەیان لە ئەستۆیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە كە شتێكی دیاریكراو نییەو هێزەكان بەشێوەیەكی چڕو پڕ بڵاونەبونەوە، ئەوەی هەیە گرتنەبەری هەندێك رێكاری ئەمنیی و سەربازیی و ئامادەباشییە".

وتیشی "تەنیا لە ناوچەیەكی دیاریكراویش نین، بەڵكو لە چەند خاڵ و شوێنێكی ناوشار ئۆتۆمبێلێكی سەربازی یان مەفرەزەیەك جێگیركراون، ئامانج لێی ئەوەیە هاوڵاتیان هەست بە ئەمن و ئاسایش بكەن و ببنە بەشێك لە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان، وەك ئەوەی ئێستاش هاوكارێكی باشن بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەكە".

ئەو پێشهاتە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە دەكاتە یەكشەممەی داهاتو. لەو رۆژەدا هێزە عیراقییەكان بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوەو پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری هەرێم پاشەكشێیانكرد، ئەوەش لە كاردانەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

دۆسییەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەلایەن سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیس ناوخۆیی، حەشدی شەعبی و هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ەوە بەڕێوەدەبرێت، هەر هەموشیان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدا كاردەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×