ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2022-10-12       402       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا چەند پرسێكی تاوتوێ كرد كە یەكێك لەوانە پرسی دابەشكردنی نەوتی سپی بو. لەوبارەیەوە وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت رایگەیاند، لە 20ی ئەم مانگەوە دەست دەكەن بە دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەكان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی،. جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای (وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان) بۆ گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە خرایەڕو .

لەبارەی پڕۆژە یاساكەوە، هەردو سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گرنگیی و بایەخیی هەبونی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی کانزاییان دوپات کردەوە، کە "هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوری هەرێم و ڕێکخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی کانزاکانی هەرێم بە دید و ستراتیجێکی نوێ کە باشترین ئەزمون و پێوەر و ڕێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، چونکە تا ئێستا یاسایەکی کۆنی عێراقی بەرکارە کە هی ساڵی 1988ە و بەربەست و ئاستەنگی زۆری تێدایە و ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا."

ئەوەش خراوەتەڕو"ئەنجومەنی وەزیران لە ڕوانگەی بایەخی ئەم یاسایە بۆ گەشەسەندنی ئابوریی هەرێم و هەمەجۆرکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاساکە خرانەڕو بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە و ئامادەکردنەوەی ڕەشنوسی پرۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی وەزیران."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت خرایەڕو. تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی داوە لە سەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەک قۆناغی یەکەم، ئاماژەشی بەوە دا کە وەزارەت ئامادەکاریی پێویستی کردوە لە 20ی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێم بە سەر هاوڵاتییان دابەش بکرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشو."

بڕگەی سێیەمی كۆبونەوەكە بەپێی راگەیەندراوەكە تەرخانكرابو بۆ  خستنەڕوی پێشنیاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان سەبارەت بە لێخۆشبون لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە (منحە)ی وەریان گرتوە لە دوای بەرکاربونی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە لە لایەن عەبدوڵا مەحمود محەمەد، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران، "بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنیان لە ڕێنمایی دارایی لەم بارەیەوە."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×