كاروان ئەنوەر: دژە تیرۆر بەنیازە سكاڵاكەی لەسەر دو رۆژنامەنوسەكەی بوار بكێشێتەوە
  2022-10-15       304       

كاروان ئەنوەر، سكرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، سەردانی دو رۆژنامەنوسەكەی "دەزگای میدیایی بوار"یان كردوە كە ماوەی پێنج رۆژە لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون. دەشڵێت: دەزگای دژە تیرۆر بە نیازە سکاڵاکەی خۆی لەسەر ئەو دو رۆژنامەنوسە  بکێشێتەوە.

ئاوێنە: كاروان ئەنوەر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٥/١٠/٢٠٢٢ سەردانی ھەردو رۆژنامەنوسی دەستگیرکراو سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراھیم عەلی-مان کرد کە ماوەی پێنج رۆژە لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ناوبراوان لەسەر دو کەیس دەستگیر کراون یەکەمیان دەزگای دژەتیرۆر سکاڵاکارەو دوەمیان وەزیری دارایی ھەرێم."

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاشكرایكردوە"بەپێی وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە زانیومانە کە دەزگای دژە تیرۆر بە نیازە سکاڵاکەی خۆی بکێشێتەوە، بۆ کەیسی دوەمیش رەوانەی پۆلیس و دادگای سلێمانی بکرێن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "باری تەندروستی ھەردو رۆژنامەنوسەکە جێگیرەو باری دەرونیان ئاساییە."

كاروان ئەنوەر داواشی كردوە "لە نزیکترین دەرفەتدا رەوانەی پۆلیس بکرێن و ماددەکانیان لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەوە بۆ بکرێت بە یاسای رۆژنامەگەری."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×