عەزیز وەیسی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركرا
  2022-10-15       871       

عەزیز وەیسی، گۆرانیبێژی كوردو خەڵکی شاری جوانڕۆ، پاش تۆماركردن و بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک بۆ گیانبەختکراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە، عەزیز وەیسی، لەلایەن دادگاوە لە شاری جوانڕۆی سەربە پارێزگای كرماشان بانگ کراوەو پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی قسەی رێكخراوەكە، لقی 16ی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکان لە شاری جوانڕۆ، ئەو هونەرمەندەیان بەوە تۆمەتبار کردوە کە پڕوپاگەندەی دژبە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردوە.

هەنگاو وتویەتی"هۆکاری دەستبەسەرکردنی هونەرمەند عەزیز وەیسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دو ڕۆژی ڕابردودا گۆرانییەکی بۆ گیانبەختکراوانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تۆمارکردوەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمی و نافەرمییەکانی ئەو هونەرمەندەدا بڵاو کراوەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×