بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیارە ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی مانگی حوزەیرانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت.
ئاوێنە: خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە شایستە داراییەکانی خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە دابەشبکرێت کە شایستە دارییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوویان بۆ خەرج نەکراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ ماکوان جەمیل بەڕێوبەری گشتی بانکی ناوەندی هەرێم گفتوگۆیان لە بارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم کرد.
بەپێی راگەیەنراوەکەش بەڕێوبەری گشتی بانکی ناوەندی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدرێت شایستە داراییەکانی خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە وادەی خۆیدا خەرج بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، د. پێشەوا حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە یەکشەممە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەرماڵەی مانگی حوزەیرانی خوێندکاران بخرێتە سەر هەژماری بانکی زانکۆ و دوانیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.