مستەفا قەرەسو: نێچیرڤان بارزانی بەرامبەر تاوانەكانی توركیا نابینایە
  2019-07-09       2674       

ئا: ئاوێنە

 

مستەفا قەرەسو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رەخنە لەنێچیرڤان بارزانی دەگرێت كە سوپاسی دەوڵەتی توركیا دەكاو خۆی لەبەردەم راستییەكاندا كوێرو نابينا دەكات، ئە‌و دەڵێت "ئەوانەی سیخوڕییان کرد بەسەر دیار غەریب-ەوە بێ سزا تێناپەڕن"

مستەفا قەرەسو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی میدیای هەبەر رایگەیاند "ئەو سیخوڕانە دەناسین کە دەستیان هەبو لەشەهیدکردنی هەڤاڵ دیار غەریب و تۆڵە لەبکوژان و هاوکارانی شەهیدبونی دەکەینەوە".
قەرەسو وتی "هەڤاڵ هەڵمەت لەناو بزوتنەوە، تێکۆشان و حزبەکەماندا خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو، کەسێکی هێژا، شۆڕشگێڕێکی گەلی باشوری کوردستان بوو، لە ئازاری دەیان ساڵەی تێکۆشانی گەلی باشوری کوردستان باش تێگەیشتبو".
وتیشی "شەهید بونی دیارغەریب بە دڵنیاییەوە پلان بۆ داڕێژراو بووە و لەڕێگەی نۆکەرو سیخوڕەكانی دەوڵەتی توركەوە لەباشور".
قەرەسو ئاماژەی بەوە كرد ئەوەی کە خەڵک ئازار دەدات ئەوەیە هەندێک کەس لەناو کورد خۆیان بە پارە فرۆشتوە زانیاریی هەواڵگرییان داوە و ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ شەهیدکردنی هەڤاڵمان دیار غەریب، ئەو وتی "لەبادینان زۆر هێرش بەدەستی سیخوڕەکان کراوە، لەو ناوچەیە هەندێک کەس بەپارە دەیانکرد، ئێمە لەسەردەمی کەپیتالیزمداین، هەندێک کەس هەن کە هەستە نەتەوەیی، نیشتمانپەروەریی، کلتوریی و مرۆییەکەیان لاواز بوون، خەڵک بەدوای پارە و مادیاتەوەیە، هەندێک کەس هەن کە لە مرۆڤ بوون شۆراونەتەوە، هەموو شتێک بۆ مادیات و پارە دەکەن، یانیش لە کاری لەو شێوەیەدا بەکار دەهێنرێن و بێگومان ئێمە بەوە ئازار دەدرێین".
وتیشی "جارێکی دیکەش ئەو کەسانەی سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن هۆشیار دەکەینەوە، ئەمە دوژمنایەتی لەگەڵ کوردە، تاوانێکی قورسە، لەمەودوا سەرنجیان دەخەینەسەر، ئەوانەی ئەم تاوانەیان کردووە سزادەدرێن، بێگومان تاوانی شەڕیان ئەنجام داوە، ئەمە خیانەتە، سزاش دەدرێت، پێویستە کەس لە کوردستان بۆ پارە و شتی دیکە دوژمنایەتی کوردان نەکات و بەشداری تاوانێک لەو شێوەیە نەبێت، هیچ هێزێکی سیاسیش بۆی نییە ڕەوایەتی بە هاوکاریی و سیخوڕییەک بەو شێوەیە بدات".
قەرەسو جەغتی لەوە كردەوە شەڕکردن لەدژی بزوتنەوەی ئازادیی کورد شەڕکردنە لەدژی هەموو کورد، هێرشەکانی باشوری کوردستانیش هەوڵدانێکە بەئامانجی داگیرکاریی، بەو هەوڵانەیان دەیانەوێت هەنگاو بە هەنگاو باشوری کوردستان داگیر بکەن و بیخەنە سەر دەسەڵاتی خۆیان، دەیانەوێت ویلایەتەکانی مووسڵ و کەرکوک بخەنە سەر تورکیا، ئەو وتی "داعش پێش ئێستا ویستبووی هەرێم داگیر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئاکەپە ئێستا دەیەوێت کارەکەی داعش تەواو بکات، هێزەکانی باشور لەو لایەنەوە دەیانەوێت خۆیان کوێر بکەن، یان نابینن چییە؟ بەڵێ دەتوانین بڵێین ئەوان کوێرن، نێچیرڤان بارزانی لەو بارەیەوە لێدوانی دا و وتی: 'دەوڵەتی تورک بەردەوام هاوکاری کردوین'، سپاسی دەوڵەتی تورکی کرد، لە نێچیرڤان بارزانی دەپرسین: ئەو کاتەی داعش هێرشی کرد، کاتێک خۆی گەیاندە هەولێر هەڵوێستی دەوڵەتی تورک چۆن بوو؟ مەسعود بارزانی نەبوو وتی، دەوڵەتی تورک پشتیوانی ئێمەی نەکرد؟! گلەییان لێنەکرد؟ دەوڵەتی تورک پشتیوانی داعشی نەکرد؟ ئەوە قسەی مەسعود بارزانییە نەک قسەی ئێمە، دواییش چووە مەخمورو لەگەڵ گەریلا دانیشت و سوپاسی کردن، داخۆ قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرچاوەی لە کام ڕاستییەوە دێت؟ دۆخەکە وەهایە؟ داخۆ دەوڵەتی تورک هەمیشە هاوکاریی ئەوانی کردووە یان بزوتنەوەی ئازادی کورد بوو کە لە کاتێکی هەرە دژوار هەولێری پاراست؟".".
وتیشی "گەریلا چووە کەرکوک، ئەو داواکارییە لەلایەن کێیەوە کرا؟ یەکێتی داوای کرد، بەڵێ وابوو، کەرکوک چۆڵدەکرا، سلێمانی لە ترس و دڵەڕاوکێ بوو، کاتێک داعش کەرکوکی بگرتایە، ڕووی لە سلێمانی دەکرد، گەریلا چیی کرد؟ بە خێرایی خۆیی گەیاندە کەرکوک، هەموو کەسێک ئەوەی بینی، خەڵکی ڕانییە بینییان، خەڵکی سلێمانی بینییان، بە ئاڵا و چەکی خۆیان چوون، داعشیان ڕانەوەستاند؟! ئەو ڕاستییە هەیە، قبوڵکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بە تایەبەت قبوڵکردنی هێرش بۆسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، داخۆ لە کوردایەتییەوە دێت؟".!

قەرەسوو ئاماژەی بەوەدا، کە ئەگەر کورد یەکبگرێت و هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدات، دەوڵەتی تورک ناتوانێت لەباشوری کوردستان شتێک بکات و، وتی "هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا، باکور و باشوری کوردستان یەکنەبوونی کوردە، چونکە کورد یەکێتیی نییە، بۆیە دەوڵەتی تورک دەڵیت ئێمە دژی کورد نیین و دژی پەکەکە-ین، لەگەڵ پارتی و یەکێتی و هەندێک ڕێکخراوی کوردی پەیوەندی دروست دەکات و دەڵیت من دژی کورد نیم و دژی پەکەکە-م".

قەرەسو وتی، "نێچیرڤان بارزانی لەهێرشەکەی پێشوودا پەکەکەی وەک بیانوو نیشاندا، کاتێک سەددام چەندین ساڵ بۆردوومانی کوردی دەکرد، پارتیی وەک بیانوو نیشان نەدەدا؟ لە باکور بۆردوومان دەکات، مرۆڤەکان دەکوژێت و پەکەکە دەکاتە بیانوو، دوژمنی کورد هەبوونی کورد قبوڵ ناکات، بۆیە بەم شێوەیە قسە دەکات، ئەمە جێگای شەرمە، لەدژی ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانە لە جیاتی ئەوەی دژی دوژمنی کورد هەڵوێست نیشان بدەن، تێکۆشەرەکان وەک بیانوو نیشان دەدەن، ئەمە شەرمە، پێویستە گەلی کورد ئەمە ببینێت و لەدژی هەڵویست نیشان بدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×