"هیواخوازم بەهەڵبژاردنی دووەم زاوای ئیبراهیم ئەحمەد کۆتایی بەکێشەی جەلالی و مەلایی بهێندرێت"
  2022-10-16       1290       

بەرپرسی پێشوی دەزگای پاراستن ڕایدەگەیەنێت "هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێستا بەدەنگ و کاری ئاشکرای ئەو حزبەی کە تێیدا هەموو تەمەنی بردەسەرو خانمەکەشی لە ئاستی هەرە بەرزی حزبەکەیەتی سەرنەکەوت". 

 

ئاوێنە: نەزھەت حاڵی، بەرپرسی پێشوی دەزگای پاراستن ڕایگەیاند "هیواخوازم بە هەڵبژاردنی دووەم زاوای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ سەرۆککۆماری عێراق کۆتایی هەمیشەی و ریشەی بە کێشەی جەلالی و مەلایی بهێندرێت".

 

دەقی نوسینەکەی نەزهەت حالی، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی:

لەنێوان مشتومڕێکی زۆر لە کۆتاییدا فەخامەتی سەرۆک کۆمار بۆ عێڕاق هەڵبژێردرا، بیرو بۆچوونی جیاوازیش هەن لە سەر چۆنێەتی هەڵبژاردنی، بەڵام ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کورد نەیتوانی پێشتر لەسەر کاندێکی هاوبەش ڕێکبکەوێت، هەر بۆیە وەکو خولی پێشتر هۆڵی پەڕلەمان بابەتەکەی یەکلایی کردەوە، کە پێموایە ئەمەش بۆ سیاسەت و ئیدارەی کوردی ئێستا باش نابێت، هیوادارم بۆ خولێکی تر وانەبێت و پێشتر کۆدەنگی کوردستانی لە هەرێم لەسەر نەک تەنیا پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵکو بۆ هەموو پۆستەکان و بابەتەکان هەبێت.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێستا کە زۆر جێگای سەرنجەو شتێکی ناوازەیە لە کاری سیاسی، نە بەدەنگ و کاری ئاشکرای ئەو حزبەی کە تێیدا هەموو تەمەنی بردەسەرو خانمەکەشی لە ئاستی هەرە بەرزی حزبەکەیەتی سەر نەکەوت، بەڵکو  بە دەنگ و کاری بێ وێنەی ئەو حزبەی کە بە درێژایی مێژوویی خەباتی سیاسی خۆی زۆربەی کات دوژمن و نەیاری بووە سەرکەوت، کە ڕەنگە ئەو مودیلە لە کاری سیاسی تەنیا لە عێڕاق و لە کوردستان هەبێت و بەو ئومێدە کە وەرچەرخانێک بێت بۆ وەلانانی ڕق و کینە کۆنەکان. 

هەروەها ئەوەی باشە ئەوجارە شوکور بۆ خودای مەزن هەر دوو لایەنی منافس خۆیان بە سەرکەوتوو و پاڵپشتی سەرۆک کۆمار دەزانن. 

هیوادارم قەدەمی سەرۆک کۆمار و خانمەکەی کە خانمی یەکەمی عێڕاقە بۆ کۆشکی سەلام، سەلام و ئاشتی و خێر بۆ عێڕاق بەرهەم بهێنێت، لە دڵەوە هیوا خوازم ئەو جارە بە هەڵبراردنی دووەم زاوای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ سەرۆک کۆماری عیراق کۆتایی هەمیشەی و ڕیشەی بە کێشەی جەلالی و مەلایی بهێندرێت.

لە لایەکی ترەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە تاکو ئێستا سەرکەوتووی پڕۆسە سیاسییە سەقەتەکەی عێڕاقەو پێدەچێت ئامادەیی هەبێت هەندێ شت بکات ئەگەر ڕاستگۆ بن، بەڵام ئەوەی دیارە لەنێوان هەموو پێکهاتە سیاسیییەکانی عێڕاق هەر لایەنێک لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە ویست و خواستی خۆی بسەپێنێت، هەر بۆیە کۆدەنگی و کۆ بەرنامەیی بۆ بەڕێوە بردنی وڵات کە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بکات هەرگیز دروست نەبووە، زۆربەی ڕێکكەوتنەکانی نێوان لایەنەکان تەنیا بۆ وەرگرتنی پۆستەکان جێبەجێ کراون نەک بۆ خزمەتی هاووڵاتیان، بەو هیوایەی ئەو جارە وانەبێت و ڕێکەوتنەکان بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان و عێڕاق ئەنجام درا بن و خەڵکی عێڕاق و کوردستان بتوانن ئەنجامەکان هەست پێ بکەن و لە ژیانی ڕۆژانەیان ڕەنگ بداتەوە.

بەو هیوایەی فەخامەتی سەرۆکی نوێ و دەوڵەت رەئیس و وەزیرە نوێیەکان  بتوانن خزمەتی خەلکە داماوەکەی عێراق بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×