كاریگه‌رییه‌كانی‌ 16ی ئۆکتۆبەر دوای‌ تێپەڕبونی‌ 5 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌دا
  2022-10-16       692       

هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی‌ 5 ساڵی‌ ڕابردودا به‌به‌رده‌وامیی پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌هۆكارو ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017، به‌ڵام حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی ده‌ڵێت، "هەڵەکانی پارتی‌و یەکێتی‌و خراپ ئیدارەدانی کەرکوک، لەگەڵ گوێ نەگرتن لەئامۆژگاری دڵسۆزان، بووە هۆکاری [16ی ئۆکتۆبەر] پرۆسەی چەسپاندنی یاسا."

ئاوێنه‌: 5 ساڵ بەسەر 16ی ئۆکتۆبەرو کۆنترۆڵکردنی کەرکوک‌و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەن عێراقەوە تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی هێرشی عێراق بۆ سەر ئەو ناوچانە لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی‌و پارتی لەلایەک‌و کوردانی ئەو ناوچانە لەلاکەی تر بەردەوامی هەیە.

لەساڵی 2003وە تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پارتە کوردییەکان دەسەڵاتی تەواویان لەکەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەبوو، بەڵام ماوەی 5 ساڵە تەواوی دەسەڵاتەکانیان لەو ناوچانە لەدەستداوە، بە شێوەیەک تا ئێستا پارتی دیموکرات لەهەندێک لەو ناوچانە بارەگای نییەو هەر ئەمڕۆش، بێ بانگهێشتکردنی نوێنەری هیچ پارتێکی کوردی، ئیدارەی کەرکوک فرۆکەخانەی شارەکەی کردەوە.

هەرچەندە پارتی هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر بۆ "خیانەت"ی گروپێکی ناو یەکێتی، یەکێتیش هۆکارەکەی بۆ ریفراندۆم دەگێڕێتەوە، بەڵام به‌گوێره‌ی‌ بەدواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ریفراندۆم‌و ڕێککەوتنی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتییش لەگەڵ عێراق هۆکاربون بۆ ڕودانی 16ی ئۆکتۆبەر.

توڕەیی ئێران‌و تورکیا لەریفراندۆم وایکرد پشتگیری عێراق بکەن لەبەکارهێنانی هێز بۆ گرتنەوەی کەرکوک و فشارخستنە سەر هەرێم، ئەمە جگە لەوەی لەژێر کاریگەری ئەو دوو وڵاتەدا، پەرتبون لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕویداو گرتنی کەرکوکی بۆ عێراق ئاسانتر کرد، هەروەها ڕێککەوتنی تاکلایەنەی بەشێک لەبەرپرسانی یەکێتیش لەگەڵ عێراق، بووە هۆی کەوتنی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەماوەیەکی کورتدا.

تا ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی بۆ گرتنی کەرکوک نەبووەو ترسی لەهەڵایسانی شەڕبووە، گەر هێز بباتە ناو شاری کەرکوک، بەڵکو تەنها پلانی کۆنترڵکردنی بیرە نەوتییەکان و سەربازگەی کەیوەن و چەند جێگەیەکی تری هەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەناوەڕاستی ساڵی 2017 و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، وەفدێکی عێراق هاتوونەتە هەرێم و بە فەرمی داوای ڕادەستکردنی بیرە نەوتییەکانیان کردووە.

چەند سەرچاوەیەکی شیعەو کورد کە زانیارییان داوه‌تە دەنگی ئەمەریکا، هاوڕابون لەسەر ئەوەی تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەر، عێراق پلانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک نەبووەو ترسی لەڕودانی شەڕ هەبووە، بەڵام کاتێک ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەک و ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی لەلاکەی تر، پێشمەرگەی دوچاری شڵەژان‌و کشانەوە کرد، عێراق دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە و هێزی بردووەتە ناو کەرکوک.

گەر هێزی پێشمەرگە دوچاری شڵەژان‌و کشانەوە نەبایە، بەهۆی ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، عێراق دوای کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییەکان ڕادەوەستا، بەڵام ناکۆکییەکان دەرفەتی بۆ عێراق ڕەخساند، بەکەرکوکیشەوە نەوەستێت و هێرشەکانی فراوانتر بکات.

ڕودانی 16ی ئۆکتۆبەر لەساتەوەختێکدا بو، پەیوەندی نێوان کوردو پێکهاتەکانی کەرکوک بەتایبەت عەرەب و تورکمان تەواو خراپبوو، پێکهاتەکان، پارتی و یەکێتییان تۆمەتبار دەکرد بەپشتگوێ خستنیان و تاکلایەنە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە.

حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، هۆکاری ڕودانی 16 ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵەکانی پارتی و یەکێتی گێڕایەوە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "هەڵەکانی پارتی و یەکێتی و خراپ ئیدارەدانی کەرکوک، لەگەڵ گوێ نەگرتن لەئامۆژگاری دڵسۆزان، بووە هۆکاری پرۆسەی چەسپاندنی یاسا."

دوای ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر، باڵانسی هێزو دەسەڵات لەکەرکوک‌و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتەواوەتی گۆڕا، کورد تەواوی دەسەڵاتەکانی لە دەستدا و عەرەب و تورکمانیش بوون بەدەسەڵاتدار، پێچەوانەی جاران، ئێستا کورد پێکهاتەکانی تر بە پەراوێخستنی تۆمەتبار دەکات.

ئەحمەد تازەلی، نوێنەری ناوچەی تازە خورماتوی باشوری کەرکوک لەخولی پێشوی پەرلەمانی عێراق، کە سوپای عێراق هێرشەکانی لەشارۆچکەکەی ئەوەوە بەئاراستەی کەرکوک دەستپێکرد، بەدەنگی ئەمەریکای وتووه‌، "گەر ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەریش نەبایە، دۆخی کەرکوک هەر دەتەقییەوە، چونکە کورد شارەکەی بێ حسابکردن بۆ عەرەب‌و تورکمان بەڕێوەدەبرد."

دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر 16ی ئۆکتۆبەردا، کورد کەرکوک‌و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر بە "داگیرکراو" ناو دەبات، بەڵام عێراق‌و پێکهاتەی عەرەب‌و تورکمان، کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن عێراقەوە بەپرۆسەی چەسپاندنی یاسا ناودەبەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×