ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: لە پۆستەکانی تری بەغدا کە پشکی کوردن پشکمان دەبێت
  2022-10-17       522       

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لەو پشکانەی تریش کە بەر کورد دەکەون لە حكومەتی نوێی عێراق، حزبەکەی پشکی دەبێت. دەشڵێت، هەست بە شەراكەتی راستەقینە ناكەن لەگەڵ پارتی.

ئاوێنە: پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند"دکتۆر لەتیف ڕەشید کەسایەتییەکی دیاری هەرێمەو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، کادیرێکی بنەڕەتی یەکێتی بوە، پێشتر نوێنەری یەکێتی بوە لە بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا، ئێستاش وەکو یەکێتییەک سەرۆک کۆمارە."

دەربارەی پاڵپشتیکردنی دکتۆر لەتیف رەشید لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پۆڵا تاڵەبانی وتی"پارتی دژی کاندیدکردنی کاک بەرهەم بو، ڕەنگە لە بەرامبەر ئەوەدا، دەنگییان بە دکتۆر لەتیف دابێت وەکو کاندیدی جێگرەوە."

مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی ڕونیکردەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتییەو ئەمە وەکو عورفی لێهاتوە، بەتایبەت لە سەردەمی مام جەلالەوە تا ئێستا، پۆستەکە لای یەکێتییە، وتیشی"هەر ئیستحقاقێکی ترمان هەبێت لە پشکەکانی کورد لە بەغدا، بە مافی خۆمانی دەزانین و داکۆکی لێدەکەین."

بە بڕوای پۆڵا تاڵەبانی، ئەرکی حکومەتی داهاتوی عێراق قورس دەبێت، ململانێ و ئاڵەنگاری گەورەی لە پێشە، گەر بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات و دەسەڵات لە ململانێ سیاسییەکان دابڕێت، سەرکەوتو دەبێت، بەڵام گەر پەند لە هەڵەکانی ڕابردو وەرنەگرێت، سەرکەوتوو نابێت، وتیشی"دەبێت ئەم حکومەتە دەستور بکاتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان بکات و دوور بکەوێتەوە لە تێکەڵکردنی ململانێی سیاسی بە دەسەڵات."

پۆڵا تاڵەبانی هیوای خواست، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕەنگدانەوەی لە ناوخۆی هەرێم نەبێت، وتی"ئێمە و پارتی پێکەوەین لە حکومەت، نابێت ململانێ و بیروڕا جیاوازەکان، ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی هەرێم هەبێت."

لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسیلەوەشکرد، حزبەکەی تێبینی هەیە لە سەر شەراکەتی نێوانیان لەگەڵ پارتی و هەست ناکەن شەریکێکی تەواو بن، وتی"لە ئیستیحقاق و مەسەلەی خزمەتگوزاری و قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان، هەست بە شەراکەتی راستەقینە ناکەین."

هەپەگە ئامار شەش مانگ

شیاع سودانی هەژاریی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×