تەرمی پێشمەرگەیەكی دیكەی بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێم دۆزرایەوە
  2022-10-17       419       

پارتی ئازادی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، تەرمی پێشمەرگەیەكی حزبەكەیان دۆزیوەتەوە كە لە بۆردومانەكانی رۆژی 28ی مانگی رابردوی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەر هەرێم لە سنوری پردێ بێسەروشوێن ببو.

ئاوێنە: پارتی ئازادی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هەروەك پێشتر رامانگەیاندبو، لە دو بۆردومانەكەی رۆژی 28ی مانگی رابردوی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەر سەنگەرەكانمان لە پردێ، هەشت پێشمەرگەمان شەهیدبون و چارەنوسی دو پێشمەرگەشمان نادیار بو.

وتوشیەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، پاش گەڕانی بێوچاون، سەرەنجام تەرمی یەكێك لەو پێشمەرگە بێسەروشوێنانە دۆزراوەتەوە كە ناو ساسان شەریعەتی بوەو ناسراو بە شاهین بوە خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵای كوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە "تەرمی پێشمەرگەكە هەر ئەمڕۆ لە پاڵ هەڤاڵە شەهیدەکانیدا بە خاک سپێردراوە."

وتوشیەتی"بەمجۆرە ژمارەی شەهیدەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لەو هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا گەیشتە ٩ شەهید."

ناسنامەی ئەو نۆ پێشمەرگەیەی پارتی ئازادی كوردستان بەمجۆرەیە:

١- ئیحسان فەرەجی ناوسراو بە «سەرحەد ئیلامی»، فەرماندەی گوردانی مانیشت لە تیپی زاگرۆس، ئەندامی ئەنجومەنی فەرماندەیی سوپای میللیی کوردستان، خەڵکی ئیلام.

٢- ئومێد نیکدڵ، ناسراو بە «مام زانا»، ئەندامی ئەنجومەنی فەرماندەیی سپای میللیی کوردستان، خەڵکی سنە.

٣- یونس غیاسی، ناسراو بە «شەماڵ»، فەرماندەی دەستە، خەڵکی مەلەکشایی ئیلام.

٤- ئاروین سوهرابی، ناسراو بە «کاویار»، ئەندامی ئەنجومەنی فەرماندەیی تیپ، خەڵکی جوانڕۆ.

٥-یەدوڵا نوری سابت، ناسراو بە «پەڕاو»، فەرماندە لە یەکەی لۆجستیکی تیپ؛ خەڵکی کرماشان.

٦- سەعید ئومێدی، ناسراو بە جەلالوەند، خەڵکی کرماشان.

٧- ئیدریس ئەمجەدی، ناسراو بە کۆچەر، خەڵکی سنە.

٨- کامەران ڕۆستەمی، ناسراو بە فواد، خەڵکی سنە.

٩-ساسان شەریعەتی، ناسراو بە شاهین، فەرماندەی دەستە، خەڵکی سنە.

رۆژی 28ی مانگی رابردو، سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشێكی بەرفراواندا بە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بارەگاو سەنگەرەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە، زڕگوێزو پردێ بۆردومان كردو بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران و برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×