سادقی زیبا کەلام نوسەری دیاری ئێرانیو مامۆستای زانکۆ کە بەمدواییە بەهۆی لێدوانە دژە دەسەڵاتەکانییەوە لەوانەوتنەوە دورخراوەتەوە، ڕایگەیاند، قەبارەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێرانو بەردەوامییان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی توشی شۆک کردوە.
ئاوێنە: کەلام لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەمولایەک بەقەبارەو بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران توشی شۆک بون، لەوانە پیاوانی دەوڵەتو ئەوانەی لەناو حکومەتدا خزمەت دەکەنو پەرلەمانتارو بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی.
بەوتەی زیبا کەلام، بەرپرسانی ئێران نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانە گەورەیەی خەڵکی ئەو وڵاتە بکەنو بەرپەرچی بدەنەوە.
دەشڵێت:"دەسەڵاتدارانی ئێران بەهۆی ئەوەی هیچ وەڵامێکی گونجاو بۆ خۆپیشاندانەکان شک نابن، توشی حەپەسان بون".
زیبا کەلام کە پێشتر مامۆستای زانستە سیاسییەکان بوو لەزانکۆی ئازادی تاران باسی لەوەکردوە، تەنانەت خۆشی سەری سوڕماوە لەڕۆڵی گەورەی زانکۆکانی ئێران لەخۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەکان.
ئهوهشى وتوه، "تەنانەت بەشێکی زۆر لەمامۆستاو خوێندکارانی زانکۆی ئازادی تاران کە بەگشتیی بەشداریی خۆپیشاندانە دژە دەسەڵاتەکان ناکەن، لەم خۆپیشاندانانەدا بەشدارییانکردوە".
ئەو ئەکادیمیستە ئێرانییە پێیوایە، جگە لەفاکتەرە ئابورییەکان، هۆکاری سەرەکیی توڕەیی خەڵکی ئێران بریتییە لەڕقلێبونەوەیان لەپۆلیسی ئاکاری ئەو وڵاتەو گەڕانی پۆلیسی سەپاندنی سەرپۆش.
ڕونیشیکردۆتەوە، کە ئاگری ناڕەزایەتییەکان بریتییە لە"بێزاریی کۆمەڵایەتی"و ژنانو نەوەی سێیەمی شۆڕشی ئێرانیش دوو گروپی سەرەکیی خۆپیشاندانەکانن.