ئا: ئاوێنە
لەکاتێکدا هەیینی داهاتو ١٢ی تەموز، ساڵیادی تیرۆرکردنی د.قاسلموە، چوار حزبی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان کۆدەبنەوە.
عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بەشی فارسی DWی ئەڵمانی راگەیاند چوار حزبی سەرەکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەئەوروپا دیدارو کۆبونەوەیان ئەنجامداوە.
ئیلخانیزادە ئاماژەی بەوە کردوە کە نوێنەرانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک ئەندامانی "ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران"، لەئەوروپا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دیدارو گفتوگۆیان کردوە.
ئیلخانیزادە کە ئێستا سرۆکایەتی خولیی "ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران" دەکات ئەو هەواڵانەی رەت نەکردەوە کە دانیشتنیان هەبوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەناوبژیوانی رێکخراوێکی نادەوڵەتی نەرویجی نزیک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەناوی نۆریفNOREF − Norwegian Centre for Conflict Resolution.
DW ئاماژە بەوە دەکات کە لەم بارەیەوە جەند پرسیارێکیان ئاراستەی رێکخراوی نۆریف کردوە، بەڵام وەلامیان نەداوەتەوە.
جەند سەرچاوەیەکی حزبە کوردیەکان بە DWیان راگەیاندوە کۆبونەوەی حزبە کوردییەکان لەگەڵ نوێنەرانی پایەبڵندی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانو نوسینگەی عەلی خامەنەئی رابەر بوەو لەلایەنی کوردیشەوە سکرتێری چوار حزبەکە ئامادە بون.
ئیلخانیزادەش ئەمەی پشتراسکردوەتەوە کە کەسی یەکەمی حزبە کوردییەکان ئامادەی دانیشتنەکە بون.
لەبەرامبەردا تا ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەوە هیچ لێدوانێکیان رانەگەیاندوە.
ئیلخانیزادە دەڵێت "چونە دانوستانو گفتوگۆوە لەگەڵ دەولەتی ئێران پێچەوانەی خوستەکانی کورد نییەو گۆڕانکاریی نییە لەسیاسەتی حزبە کوردییەکاندا، کە لەساڵی ١٩٧٩ەوە گفتوگۆمان کردوەو هیچ کاتێک گفتوگۆمان رەتنەکردوەتەوە".
دەشڵێت "ماوەی زیاتر لەساڵێکە چەندین ناوەندی نێودەوڵەتی ناسراوو ئەڵمانیو نەرویجیو سویدیو بەریتانی دامان لێدەکەن رێگەچارەی ئاشتی بگرینەبەر، ئێمەش وەڵاممان ئیجابی بوە، بەو مەرجەی گفتوگۆکانمان بەئاشکرا بێ، دەربارەی کێشەی کوردستان بێ، لەلایەن رابەریو دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە رابگەیەنرێتو لەژێر چاودێری ناوەندێکی ناسراوی نێودەوڵەتیدا بێت".
ئیلخانیزادە جەغت لەوەش دەکات کە ئێران لەقەیرانو هەلومەرجێکی نالەباردایە لەئاستی ناوخۆو دەرەوە، بۆیە زیاد لەهەر کاتێک پێویستە مل بەخواستەکانی خەڵکو رەوتە دیموکراسیخوازەکان بدات".