وەزیرەکەی سەدر: بێبەرین لەوانەی ئاسایشی نیشتیمان تێکدەدەن
  2022-10-20       240       

پەڕەی ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، کەسانێک دەرکەوتون کە کار بۆ دروستکردنی گروپی چەکداری دەکەن و دەیانەوێت بە پێشێلکردنی شەریعەت، یاسا و ئاسایشی نیشتمان، بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە، بۆیە رەوتەکەیان بێبەریبونی خۆی لە هەمو هەنگاوێکی لەو شێوەیە رادەگەیەنێت.

ئاوێنە: پەڕەی ساڵح محەمەد عێراقی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "بیستومە کەسانێک هەن کار دەکەن بۆ پێکهێنانی گروپی سەربازی تایبەت، کە ئەرکیان پێشێلکردنی شەریعەت، یاسا و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانە، لێرەشەوە رایدەگەینین کە ئەو کارە بەشێک نییە لە رەوشت و رێگەی ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵکاران".

ئاماژەی بەوەشکردوە، رەوتی سەدر بێبەرییە لە هەمو ئەو کەسانەی ئەو هەنگاوە دەنێن و هێزی نایاسایی دروست دەکەن، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات دژیان بوەستنەوە چونکە هەنگاوەکەیان دژی یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانە.

بڕیارە شەممەی داهاتو حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن محەمە شیاع سودانییەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، رەوتی سەدریش کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی 10ی تشترینی یەکەمی ساڵی رابردو بو، دوای کشانەوەی لە پەرلەمان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەماوەی ساڵێک بۆ دو ساڵی داهاتو هەڵبژاردنێکی دیکە پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەو داواکارییەش لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە بۆچونی جیاوازی لەسەر دروست بوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×