نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە ئێران دەكات ڕێز لە خۆپیشاندەران بگرێـت
  2022-10-20       339       

بەرپرسانی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی سەركوتكاریی و توندوتیژیی دژی خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەتی ئێرانیان كرد و دەڵێن پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها داوایان لە بەرپرسانی ئێران كرد كۆتایی بە سەركوتكارییە كوشندەكانیان بهێنن دژی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان.

ئاوێنه‌: مانگێك تێپەڕیوە بەسەر كوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵدا كە بووە هۆی خۆپیشاندانێكی سەرتاسەری دژ بە حكومەتی ئێران.

بەرپرسانی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن نیگەرانن سەبارەت بە مامەڵەی توندی هێزەكانی ئاسایش دژ بە خۆپیشاندەران، هەروەها نیگەرانن سەبارەت بە دەستگیركردنەكان و كوشتن و دەستبەسەركردنی منداڵان.

وتەبێژی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاڤینا شەمدەسانی دەڵێت: نزیكەی 23 منداڵ لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون و زۆرێكی دیكەیان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بریندار بوون، هێزەكانی ئاسایش فیشەكی ڕاستی و فیشەكی كانزاییان دژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە و بە شێوەیەكی كوشندە لە خۆپیشاندەرانیان داوە.

ڕاشیگەیاند، خوێندنگاكان هێرشییان دەكرێتە سەر و منداڵان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیر دەكرێن.

شەمدەسانی ئاماژەی بە ئەوەشكرد “بەپێی پەیماننامەكانی مافەكانی مرۆڤ كە لەلایەن ئێرانەوە پەسەند كراون، كۆماری ئیسلامی بەرپرسیارێتی هەیە لە پاراستنی مافی ژیانی منداڵان لە ژێر هەر بارودۆخێكدا، هەروەها بەرپرسیارێتی هەیە لە ڕێزگرتن و پاراستنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە.”

گوتیشی ” هاوكات لەگەڵ هەواڵی دەستگیركردنی بە كۆمەڵی خۆپیشاندەراندا، ئۆفیسەكەمان هەواڵی دیكەشی بە دەست گەیشتووە سەبارەت بە دەستگیركردنی لانیكەم 90 ئەندامی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەوانەش داكۆكیكاران لە مافەكانی مرۆڤ و پارێزەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان.”

ئۆفیسی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند “بەردەوامبوونی بەكارهێنانی هێزێكی ناپێویست و ناڕێژەیی دژ بە خۆپیشاندەران دەبێت بوەستێت.”

سەرچاوە/VOA

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×