سێشەممە خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی كوردستان رودەدات
  2022-10-20       377       

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، پێوانە فەلەكییەكان ئاماژە بە رودانی خۆرگیرانێكی نیمچەیی دەكەن لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی سێشەممەی داهاتو 25/10/2022.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە رگایەندراوێكدا ئەوەشی وتوە، خۆرگیرانەكە لەكاتژمێر 12:59 خولەكی پاشنێوەڕۆ بەكاتی هەولێر دەستپێدەكات و لەو كاتە مانگ لە باكوری دەستەڕاستەوە دەگاتە دیسكی خۆرو دیاردەكە دەستپێدەكات و لەكاتژمێر 02:17 خولەكی پاشنیوەڕۆ بەرزترین ئاستی خۆرگیرانی نیمچەیی تۆماردەكرێت و مانگ نزیكەی %51ی دیسكی خۆر دادەپۆشێ.

وتوشیەتی، پاشان وردە وردە دوردەكەوێتەوەو لەكاتژمێر 03:30 خولەكی پاشنیوەڕۆ دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی كوردستان بەتەواوی كۆتایی پێدێت.

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ناوچانەی كە ئەو دیاردەیە دەبینن بریتین لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپاو باكورو رۆژهەڵاتی ئەفریقیاو رۆژئاوای ئاسیا، بەڵام دانیشتوانی باشوری رۆژهەڵاتی ئەفریقیاو رۆژهەڵاتی ئاسیاو ئەمریكای باكورو باشورو ئوستورالیا ئەو دەیاردەیە نابینن.

لە روی فەلەكییەوە، كاتێك دیاردەی خۆرگیران رودەدات كە مانگ دەكەوێتە نێوان خۆرو زەوی، بەمەرجێ لەسەر یەك راستە هێڵ بن، ئەوكاتە سێبەری مانگ، كە قەبارەكەی بچوكە، دەكەوێتە سەرچەند ناوچەیەكی سنورداری وڵاتان و ناوچەكانی تری هەسارەی زەوی و تەنها دانیشتوانی ئەو شوێنانەی كە خۆر تیایدا دەگیرێت، واتە، سێبەری مانگ بەسەریاندا تێدەپەڕێ ئەو دیاردەیە دەبینن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×