شاسوار عەبدولواحید لە كۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی: بەشداری حكومەت ناكەین
  2022-10-20       596       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازی كرد لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق و دەڵێت، بۆ بەشداریكردنی نەوەی نوێ لە حكومەتی نوێ سەردانی كردبوین، سەرەڕای پشتیوانیمان بۆ ئەو بەرنامە باشەی كە بۆی باسكردین بەڵام ئێمە بڕیارمان دا بەشداری حكومەت نەكەین.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ پينجشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٠ پێشوازیمان کرد لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەرێز (محەمەد شیاع سودانی) کە سەردانی کردبوین تایبەت بە بەشداریکردنی نەوەی نوێ لە حکومەتی نوێی عێراق."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرەڕای سوپاس و پشتیوانیمان بۆ هەوڵەکانی بەرێزیان و ئەو بەرنامە باشەی کە بۆی باسکردین، پێمان راگەیاند کە دڵخۆشین بە بیستنی ئەم بەرنامە و روئیایەو بە دڵنیاییەوە پشتیوانی هەمو کارێکی جوان و باش دەبین، ئەگەر خوانەکردە خراپیش بون یان کەموکورتیان هەبو، ئەوا بێگومان رەخنەگرو چاودێر دەبین بەسەریانەوە."

شاسوار عەبدولواحید وتوشیەتی"بەڵام لە راستیدا بە هۆی وەرگرتنی رایەکی زۆری هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، پاش گفتوگۆ لەناوخۆی خۆمان و ناو جوڵانەوەکە و فراکسیۆنەکەو بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئێمە بەم وەزاراتانەوە دەتوانین خزمەتی هاوڵاتییان بکەین یاخود نا! بۆیە بڕیارمان دا کە بەشداری حکومەت نەبین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین."

هەروەها ئەوەشی وتوە"بەڵام لە دڵەوە هیوادارم ئەم کابینەیە خزمەتی خەڵک بکات و داوام لە بەرێزیان کرد کە هەرچۆن بێت خزمەتی خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و گوێمان لێ بگرێت کاتێک داواکاری خەڵکی کوردستان دەگەیەنینە لای و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×