دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای ڕونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکات
  2022-10-20       325       
زانا نەوزاد و زرنگ رەحیم، دەرهێنەر و کامێرامانی بەشی پرۆدەکشنی سەنتەری میترۆ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم لەسەر دەستگیركردنی وێنەگرێک و دەرهێنەرێکی سەنتەری میترۆ داوای رونكردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەكات. دەشڵێت"دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و خەڵکی سیاسی و سڤیل و هی دیکەش، بەبێ فەرمانی دادوەر خەریکە دەبێتە دیاردە."

ئاوێنە: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و خەڵکی سیاسی و سڤیل و هی دیکەش، بەبێ فەرمانی دادوەر، خەریکە دەبێتە دیاردە، کە ئەمە پێچەوانەی یاسایە، ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەم هەڵسوکەوتە بە مەترسی دەزانین بەتوندی ئیدانە دەکەین."

ئەوەشی خستۆتەڕو" دوای دیارنەمانی هەریەکە لە وێنەگر زرنگ رەحیم و دەرهێنەر زانا نەوزاد لەسەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، دەرکەوت کە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیری کردون، ئەم جورە ڕەفتارانە مەترسیدارن و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤن، بۆیە ئێمە داوای ڕونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکەین لەسەر دەستگیر کردنی ئەم دو بەڕێزە."

پێشتر دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە راگەیدراوێكدا وتبوی"بەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە) هەردو خێزانی زانا نەوزادو زرنگ رەحیم، دەرهێنەرو كامێرامان لە بەشی پرۆدەكشنی سەنتەری میترۆ، پەیوەندیان پێوەكردین و پێیان راگەیاندین كە هەردوكیان لەئێوارەوە بێسەروشوێنن و مۆبایلەكانیان داخراوە."

ئەوەشی خستبوەڕو"بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندیمانكرد بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و ئاگادارمان كرد، پاش بە دواداچونی بەڕێوەبەری ئاسایش ئاگاداری كردین كە هەردوكیان لە ئاسایشی سلێمانین، با وەفدێكی میترۆ سەردانیان بكەن تا هۆكارەكەی بزانن هەر هەڵەتێگەیشتنێك هەبێت چارەسەر بكرێت."

ئاماژەی بەوەشدابو كە دوابەدوای ئەوە وەفدێكی میترۆ، چون بەدەم كەیسەكەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×