ژمارەیەك كارگێڕ لقی پارتی: تەزویری حاشاهەڵنەگر لە هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرەدا كراوە
  2022-10-20       884       

ژمارەیەك كارگێڕ لق لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی رایدەگەیەنن، لە هەڵبژاردنی كۆنگرەی 14ی حزبەكەیاندا، تەزویری حاشاهەڵنەگر كراوەو ئەوەشیان بەبەڵگە داوەتەوە دادوەری هەڵبژاردنی كۆنگرە، دەشڵێن، ناوی ئەو بەرپرسە سیاسی و سەربازییانە كە تەزویراتیان كردوە لەگەڵ ئەوانەشی كە كەمتەرخەمبون بەرامبەر سكاڵاكەیان ئاشكرادەكەن.

ئاوێنە: ئەو كارگێڕ لقانە لە راگەیەندراوێكدا كە ئاڕاستەی دەزگاكانی راگەیاندنیان كردوە، ئاماژەیان بەوەداوە كە رۆژی شەممەی داهاتو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا "سەبارەت بەو تەزویراتەی بەچەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ڕادەستی جەنابی حاکمی هەڵبژاردنی کۆنگرەی 14ی پارتیمان کردوە" كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەین.

ئەوان باسیان لەوەش كردوە كە دادوەری هەڵبژاردنی كۆنگرە، "بڕیاری  ڕاست و دروستی" داوە لەسەر سكاڵاكەیان بەڵام لیژنەی هەڵبژاردن  "دیزە دەرخونەیان کردوەو کاریان بە بڕیاری دادوەر نەکردوە."

 وتوشیانە"ئێمەیش بەبێ ترس و بوێرانە ناوی ئەو بەرپرسە سیاسی و سەربازی و ئەو هەڤاڵانەی لە لیژنەکە تەنسیقی تەزویراتیان کردوەو یان ئەوانەیشی کەم تەرخەم بونە لەسکاڵاکەمان ناویان ئاشکرا دەکەین چونکە ئێمە ماوەی زیاتر لەمانگێکە هاتوچۆمان پێدەکەن و داوای شاهیدو بەڵگەیان کردوە ئێمەیش بۆمان جێبەجێ کردون بەزیادەوە."

جەختیشیان كردۆتەوە "بەڵگەمان لایە کە پاسەوانەکانی خۆیان ناردوە بۆ دەنگدان، ئەوەی لەژێر بەڕەیە ئەیخەینە سەر بەڕەو  زۆر بەڵگەی تر."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بۆ ئاگاداری سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، فەزائی و محەلی و پەیج وئەکاونتەکان:

ئاگاداری بەڕێزتان دەکەین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام ئەدەین ڕۆژی شەممە 22/10/2022 لەزەڕایەن هۆڵی شەهید قادر حەمەساڵح کاتژمێر 3ی پاشنێوەڕۆ سەبارەت بەو تەزویراتەی بەچەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ڕادەستی جەنابی حاکمی هەڵبژاردنی کۆنگرەی 14ی پارتیمان کردوە.

جەنابیشیان بڕیاری  ڕاست و دروستی لەسەر داوە بەڵام بەداخەوە لیژنەی هەڵبژاردن  کورد وتەنی دیزە بە دەرخونەیان کردوەو کاریان بە بڕیاری دادوەر نەکردوەـ لە سنوری بازنەکانی سەیدسادق و شارەزورو زەڕایەن .

 بەوشێوەیە جوابی ئێمەیان داوەتەوە کە کاتەکەی کەمی ماوە، ئێمەیش بەبێ ترس و بوێرانە ناوی ئەو بەرپرسە سیاسی و سەربازی و ئەو هەڤاڵانەی لە لیژنەکە تەنسیقی تەزویراتیان کردوە و یان ئەوانەیشی کەمتەرخەم بونە لەسکاڵاکەمان ئاشکرا دەکەین، چونکە ئێمە ماوەی زیاتر لەمانگێکە هاتوچۆمان پێدەکەن و داوای شاهیدو بەڵگەیان کردوە ئێمەیش بۆمان جێبەجێ کردون بەزیادەوە.

بەڵگەمان لایە کە پاسەوانەکانی خۆیان ناردوە بۆ دەنگدان، ئەوەی لەژێر بەڕەیە ئەیخەینە سەر بەڕەو زۆر بەڵگەی تر، ئەوکات لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەیبنن و ئەیبیستن. پەیام بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی ئەنێرین ئەگەر قبوڵی ئەو هەمو زوڵمە لەئێمە کراوە هیچ هەڵوێستێک نەبو، ئێمەیش ئەڵێین کۆنگرە پیرۆزی ئەوانە بێت تەزویریان لە ئێمە کرد.

لەگەڵ ڕێزماندا

سەید محەمەد تاوگۆزی ـ حاکم فاروق ـ سەرخێڵ لالە ئەنوەر خەلیفە یونس ـ کامەران شەهید سابیر 

کارگێڕی لق لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پاریزگای سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتیمان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×