مەسرور بارزانی: عێراق دەبێت سەركەوتنی هەرێم قبوڵ بكات نەك روبەڕوی بێتەوە
  2022-10-20       397       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سیستمی بەڕێوەبەردنی هەرێم پێویستە بەتەواوەتی بە دیجیتاڵ بكرێت، وتیشی، حكومه‌تی هه‌رێم، به‌م زوانه‌ پارەو قه‌رز ته‌رخان ده‌كات بۆ بازرگانی بچوك. نیگەرانی خۆیشی لەبارەی دۆخی عێراق دەربڕی و جەختیشی كردەوە كە پێویستە عێراق "سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان" قبوڵ بکات، نەك روبەڕوی ببێتەوە.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە وتەیەكدا لە رێوڕەسمی دەرچونی خوێندكارانی زانكۆی كوردستان-هەولێردا رایگەیاند، سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان پێویستە بە تەواوەتی بە دیجیتاڵ بکرێت تاوەکو بۆشایی پێویست بۆ گەشەکردنی کەرتی تایبەت بڕەخسێنن.

هەروەها ئاماژەی بە لاوازیی ئەو سیستمە بەڕێوبەردنە کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و وتی، ئەو ئامانجەی حکومەت چاوی لێیەتی، "بەم سیستمە خاوە بیرۆکراسییەی ئێستا لەکاردایە، رونادات".

 مەسرور بارزانی هەروەها بەڵێنی ئەوەی دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان "گۆڕانکاریی راستەقینە" بكات تاوەکو کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەشە بکەن.

وتیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌م زوانه‌ پاره‌و قه‌رز ته‌رخان ده‌كات بۆ بازرگانی بچوك، بۆ بواره‌ گرنگه‌كان له‌وانه‌ كشتوكاڵ و ته‌كنۆلۆژیا و گه‌شتوگوزار.

هه‌روه‌ها وتی"ده‌مه‌وێت هه‌رێمی كوردستان بكه‌مه‌ حكومه‌تێكی ناكاغه‌زی، ئه‌مه‌ كاتی ده‌وێت، سوربونێكی زۆری ده‌وێت، كه‌ من ئه‌و سوربونه‌م هه‌یه‌."

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا لەبارەی عێراق وتی"عێراق له‌ چوارڕێیانێکدایە، کە ده‌بێت ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراون، لایه‌نه‌كان كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاویان له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆ قۆناغی داهاتوی وڵات، تیرۆریزم هه‌یه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ نییه‌، پاره‌یه‌كی زۆر دیار نه‌ماوه‌، خه‌ڵك هیوای به‌ داهاتویه‌كی باشتره‌، پێداویستییه‌كانیان دواخراون، وڵات ناتوانێت به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بێت، خه‌ڵك به‌ڕونی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ره‌تیان كردوه‌ته‌وه‌."

وتیشی"عێراق ده‌بێت سه‌ركه‌وتنی ئێره‌ قبوڵ بكات، نه‌ك به‌رهه‌ڵستی بكات. ئێمه‌ ده‌توانین هاوكار بین بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببەینە ئاستێكی دیكه‌."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×