چەند لایەنێکی عێراقی گرێبەستی "بنەماکانی تشرین" رادەگەیەنن
  2022-10-21       549       


ژمارەیەک لایەنی ناڕەزاییەکان و چالاکوانانی عێراق 21 خاڵ وەک "گرێبەستی بنەماکانی تشرین" رادەگەیەنن و جەخت دەکەنەوە کە نابێت هیچ کەسێک لەسەروی عێراق، یاسا و دادگاکانەوە بێت و دەبێت کار بۆ دروستکردنی ناسنامەی نیشتیمانی بکرێت و دەوڵەتی دامەزراوەیی دروست بکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک لایەنی بەشدار لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 و چالاکوانانی عێراق لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا "گرێبەستی بنەماکانی تشرین"یان بڵاوکردەوە و لەبەشێکی بنەماکاندا باس لەوە دەکەن، گرێبەستی بنەماکانی "شۆڕشی تشرین" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ کەسێک لە عێراق گەورەتر نیە، عێراقیش بۆ فرۆشتن، داگیرکاری و مامەڵەپێوەکردنەوە نیە، بەڵکو وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رێکدەخات.

ئەوەش هاتوە، دوپاتیدەکەنەوە کە دەوڵەتێکی بەهێز و دامەزراوەیی ئامانجیانە، چونکە ناکرێت ژمارەیەک لایەنی مەزهەبی و نەتەوەیی "توندڕەو" حکومڕانی بکەن، بەڵکو دەبێت بنەمای هاوڵاتیبون پەیڕەو بکرێت، دادگا سەربەخۆ بێت و لەژێر هەژمونی حزبەکاندا نەبێت.

تشرینییەکان دەڵێن، پشک پشکێنە، حکومڕانی لەسەر بنەمای پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوە دیموکراسی نیە، بەڵکو دیموکراسی بە نوێنەرایەتی راستەقینەی هەمو پێکهاتەکان دەکرێت، هەروەها دەوڵەت دەبێت بتوانێت تۆمەتبارانی گەندەڵی، تیرۆر و کوشتنی چالاکوانان بە سزا بگەیەنێت و ئازادی لە کاری سیاسی و رۆشنبیری و مافەکانی ئافرەت دەستەبەر بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×