وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه، ئەنجامی دانانی سیستەمی پریپەید ئەرێنی‌و دڵخۆشکەر بووە هەم بۆ هاوڵاتیان‌و هەم بۆ خودی حکومەت. بۆیە دوای تەواوبون‌و دانانی سیستەمەکە بەتەواوی لەپارێزگای دهۆك، لەشوێنی دیکە هه‌مان سیستەمی پریپه‌ید جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاوێنه: ده‌قی ڕونكردنه‌وه‌كه:
یه‌كێك له‌پڕۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دانانی سیستەمی سمارت میته‌رزی کارەبایە، كه پێوه‌ری زیره‌كی پێ ده‌ڵێن و ئێستا ڕێژە‌ی دانانی ئەم سیستەمە لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە ٩٠% و بڕیار وایە له سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ بکرێت.
سوودەكانی ئەم سیستەمە
سیستەمەکە چەند سوودێکی هەیە کە کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە، لە هەمان کاتدا کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت. سوودێکی دیکەی سیستەمەکە ئەوەیە؛ پسوولەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێک بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو. هەر بەهۆی ئەو سیستەمەوە سووتان و له‌كاركه‌وتنی ته‌لی كاره‌با به ڕێژە‌یه‌كی بەرچاو كه‌م دەبێتەوە، ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە سیستەمە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەی پێشوەختە.
سیستەمی پریپەید لە دهۆك
سیستەمی پریپەیدی کارەبا لە دوو شوێنی دهۆک جێبەجێکراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە.
لە سه‌نته‌ری بازاڕی دهۆك، ٣ هەزار و ١١٨ هابەشی کارەبا هەیە کە به ڕێژە‌ی ٨٠%، سیستەمەکەی تێدا جێبەجێ کراوە. ئه‌و بازاڕە ٨ مێگاوات کارەبای پێویسته و ده‌توانرێت بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر كاره‌بای بۆ دابین بكرێت، واته هاووڵاتیی یان هاوبه‌ش ده‌توانێت كارتێك لە سەنتەرەکانی فرۆشتن کە هەر لە نێو بازاڕەکە دانراوە، بكڕێت و ئاگاداری به‌كارهێنانی بڕی کارەباکەی و بڕی ماوەی بێت.
لە هەمان کاتدا ئەم سیستەمە لە (ئه‌ڤڕۆ سیتی)ـش لە دهۆک لەجێبەجێکردندایە کە ٤ هەزار و٥٨٦ هاوبه‌شی هەیە و نزیكه‌ی ٩٨%ـی كاره‌كانی دانانی سیستەمەکە جێبه‌جێ كراوە.
هاووڵاتیان به‌م سیستەمه دڵخۆشن
بەهۆی گەڕانەوەی کارەبایەکی زۆر و بەفێڕۆنەچوونی، لەهەمان کاتدا بەهۆی کەمی سووتان و بەردەوامیی کارەبا لەڕێگەی سیستەمەکەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، چونکە خۆیان دەبنەوە کۆنتڕۆڵکەری کارەباکەیان و لەمەودا بەپێی پێویستی خۆیان کارەبا دەکڕن و بەکاریدەهێنن و چیتر فەرمانبەری گەڕۆک ناچێتە نێو سنووری ماڵەکانیان و مەترسی و سووتانی کارەبا و وایەرە سەرەکییەکانیشیان کەم دەبێتەوە و لە هەمووشی گرنگتر پێویستیان بە مووەلیده نابێت. بوونی ئەم سیستەمە نەبووەتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونکە هیچ بڕە پاره‌یەک لە كرێی كاره‌باوە زیاد نەکراوە و بە هه‌مان نرخی ئێستایە.
ئەنجامێکی باش و گشتگیرگردنی
ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە ئەرێنی و دڵخۆشکەر بووە هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودی حکومەت. بۆیە له‌م پێناوه‌دا كاره‌كان له پارێزگای دهۆك به‌رده‌وامن و كۆمپانیای جێبەجێکار لە ژێر چاودێریی حکومەت، بەردەوامە لە ڕوونكردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاوبه‌شان له‌باره‌ی چۆنیەتی به‌كارهێنانی ئه‌و سیستەمه. بڕیاریش وایە لەدوای تەواوبوون و دانانی سیستەمەکە بە تەواوی لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیکە هه‌مان سیستەمی پریپه‌ید جێبه‌جێ بكرێت.