2022-10-23   1123     
پاش دومانگ لەتیرۆرکردنی م. شەماڵ، نوسەرو کادیری تەڤگەری ئازادی لەقەزای کفری، ئاسایشی قەزاکە ئاشکرای دەکات برایەکی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە دەستگیرکراوە.
ئاوێنه: هیوا عەلی، بەڕێوبەری ئاسایشی کفری بەرادیۆی دەنگی وتووه، پاش گۆڕانکارییکردن لەکەیسی کوشتنی (سهێل خورشید) ناسراو بە (م. شەماڵ) بەگۆڕینی ماددە یاساییەکەی لە ٤۰٦ـی یاسای سزادانەوە بۆ ماددەی ٢ـی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لێکۆڵینەوە لەروداوەکە بەردەوامە.
وتیشی، لەئێستادا برایەکی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە (بکوژەکە) دەستگیر کراوە، کە گومان دەکرێت لەکاتی ئەو کردەیەدا هاوکاری براکەی کردبێت بە چاودێرییکردن لەرێگەی ئۆتۆمبیلەکەیەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو كه فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک کەسی دیکە دەرکراوە کە یەکێک لەوانە برایەکی دیکەیانە.
بەڕێوبەری ئاسایشی کفری دهشڵێت، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بەکوشتنی م. شەماڵ دانشتوی پارێزگای کەرکوکە.
نیوەڕۆی رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهێل خورشید عەزیز، لەدایکبوی ١٩٦٠ نوسەرو لێکۆڵەری بواری مێژوو جوگرافیا، کە هاوکات کادیری تەڤگەری ئازادی نزیک لەپەکەکە بو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەقهزای کفری بەدەستڕێژی گولە کوژرا.