پۆلیسى ئیتاڵیا سێ قاچاخچى دەستگیرکرد کە دووانیان عێراقین، ئەوەش بەتۆمەتى یارمەتیدانى کۆچبەران بۆ چوونە ناو ئیتاڵیا و نیشتەجێبوونیان بە شێوەیەکی نایاسایی پێش ئەوەی خۆیان بگەیەننە فەرەنسا و بەریتانیا.
ئاوێنه: سەرچاوەکانی پۆلیسی ئیتاڵیا رایانگەیاند، دوو هاووڵاتیی عێراقی و سێیەمیان ئیتاڵی کە لە شاری بریندیسی لە هەرێمی پوگلیای باشوور نیشتەجێن، بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ کۆچی نایاسایی دەستگیرکراون.
لێکۆڵەران پێیان وابوو کە ئەو سێ تۆمەتبارە یارمەتی چەند کەسێکی بێ بەڵگەنامەیان لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو ئیتاڵیا و نیشتەجێ بن.
بەپێی بەیاننامەیەکى پۆلیس، ئەگەری زۆرە ئەو سێ کەسە پێشێلی یاسایەکیان کردبێت کە بە (تێستۆ ئۆنیکۆ) ناسراوە، کە یاسایەکی تایبەتە بە چوونە ژوورەوە و مانەوەى کۆچبەرانى نایاسایی بۆ ئەوروپا.
لێكۆڵینەوەكان دوای ناسینەوەی هاووڵاتییەكی عێراقی دەستیپێكرد كە هاوكاری كۆچبەرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای داوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی بگەنە خاكی ئیتاڵیا.
سهرچاوهكانی پۆلیس دەڵێن، کەسانى پاكستانی، ئهفغانی، كورد و عهرهب، سهرهتا پهیوهندییان به قاچاخچییهك له رێكخراوێكی تاوانكاریی نێودەوڵەتى كردووه و 5 ههزار دۆلاریان داوە بۆ فڕینیان بە فڕۆكهیهك بۆ دهرهوهی ئێران.
بەوتەى سەرچاوەكان، دوو عێراقییەکە له ریزی ئاسانكارییەكانی پەیوەندی نێوان ئیتالیا و ئێران بوون، كۆچبەرەکان له شارێكی نزیك له سنووری نێوان ئێران و توركیا بەرەو یۆنان رۆیشتوون، پێش ئەوەی له دەریای ئەدریاتیك بپەڕنەوە بۆ گەیشتنیان بە ئیتاڵیا.
سەرچاوەکان دەشڵێن "کاتێک کۆچبەرەکان گەیشتنە شاری بریندیسی، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گواستراونەتەوە بۆ شارۆچکەی ڤێنتیمیگلیای سنووری باکووری ڕۆژئاوا و لەوێ گەیشتوونەنە شوێنی کۆتایی خۆیان".
پۆلیس هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە "رێکخراوێکی ئاڵۆزی بێسنور" لە پشت تۆمەتبارەکانەوەن، بەجۆرێک ڕێکخراوەکە هاوکاری کردوون لە هاتنی کەسانی بیانی تۆمارنەکراو بۆ ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی بیانگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.